داوای پێداویستی خۆپاراستن لە چەکی کیمیاوی دەکرێت بۆ پێشمەرگە

K24 - ھەولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە بەریتانیا دەکات، کەلوپەلی پێویست بۆ پێشمەرگە دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە ھەر ھێرشێک بە چەکی کیمیاوی لە لایەن داعشەوە، بپارێزن بە تایبەت لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی شاری مووسڵ.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا، کاروان جەمال تاھیر، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نامەیەکی بۆ مایکڵ فالۆن، وەزیری بەرگری بەریتانیا ناردووە تێیدا داوا دەکات حکوومەتی بەریتانیا کەلوپەلی تایبەت بە خۆپاراستن لە چەکی کیمیاوی بۆ پێشمەرگە دابین بکات، پێش دەستپێکردنی شەڕی مووسڵ.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، لە ماوەی شەڕی دوو ساڵەی داعش، چەکدارانی ئەو گرووپە توندڕەوە 19 جار چەکی کیمیاوییان دژی ھێزی پێشمەرگە بەکارھێناوە، ئێستاش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای کردووە کەلوپەلی تەواو دابین بکرێت تاوەکوو پێشمەرگە خۆی بپارێزێت لە ھەر ھێرشێک بە چەکی کیمیاوی لە لایەن داعشەوە ئەنجام بدرێت.