عه‌بادی په‌ناده‌باته به‌ر ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی
بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی توركیا

K24 - هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی توركیا له ناو خاكی وڵاته‌كه‌ی، داوای كۆبوونه‌وه‌ی به په‌له‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات.
به‌رپرسانی باڵای عێراق و توركیا، لێدوانه‌كانییان له دژی یه‌ك سه‌باره‌ت به‌و هێزه‌ی توركیا، كه له به‌عشیقه جێگیركراوه، گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی به‌رز.
له دوایین هه‌ڵوێستیشدا، بن عه‌لی یه‌ڵدریم، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا رایگه‌یاند، ئه‌و هێزانه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خاكی عێراق جێناهێڵن و جێگیركردنی ئه‌و هێزه‌ش بۆ مه‌شق و راهێنانه به هێزه‌كانی حه‌شدی نیشتمانی، كه چه‌كداری سووننه‌ی ده‌وروبه‌ری موسڵن.
هه‌فته‌ی رابردوو، په‌رله‌مانی توركیا، مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ی له‌ناوی خاكی عێراق بۆ ساڵێكی دیكه درێژكرده‌وه، كه ژماره‌یان نزیكه‌ی 2000 سه‌رباز ده‌بێت.
لای خۆیه‌وه عێراق، سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی توركیای كرد و حه‌یده‌ر عه‌بادی-ش توركیای به هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی هه‌رێمی تۆمه‌تبار كرد.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنى عه‌بادی، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاشكرایكرد، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، داوایه‌كی فه‌رمی پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردووه، بۆ گفتوگۆكردن له باره‌ی "پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق" له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه.
به‌رپرسانی باڵای توركیاش، هۆشداری هاتنی شه‌پۆلێكی دیكه‌ی ئاواره‌یان داوه بۆ سنووره‌كانی ئه‌و وڵاته و پێشبینی ئه‌وه‌شیكردووه، به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ، ره‌نگه شه‌پۆلی په‌نابه‌ران بگاته‌وه ئه‌وروپا.