زیاتر لە 3 ملیۆن هاووڵاتی شیعە بەشداری مەراسیمی عاشوورا دەكەن

K24 - ھەولێر

ساڵانە لەم رۆژەدا مەراسیمی عاشوورا بەڕێوە دەچێت زۆربەی ھاووڵاتیانی شیعە لە وڵاتان روو دەكەن شاری كەربەلا و ھەندێكی دیكەش لە شارەكانی عێراق و كوردستان لەشارەكانیان مەراسیم رێكدەخەن و شین بۆ ئیمام حوسێن دەگێڕن.

بە گوێرەی ئاماری پۆلیسی كەربەلا ئەمساڵ زیاتر لە 3 ملیۆن ھاووڵاتی شیعە بەشداریان لە مەراسیمی عاشوورادا كردووە.

عەلا غانمی گوتەبێژی پۆلیسی کەربەلا بە میدیاکانی راگەیاند: "لە یادکردنەوەی عاشورادا، زیاتر لە 3 ملیۆن هاووڵاتی بەشدارییان کردووە".

لەبارەی دۆخی  ئەمنیشەوە، غانمی گوتی:" هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ناوشارییان لەئەستۆدایە و سوپا و حەشدی شەعبیش، لە دەرەوەی شار دەروازەکان دەپارێزن".

ساڵانە و لە رۆژی عاشورادا، سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە مەزهەب، لە جیهانەوە بەتایبەت لە ئێران و ئەفغانستان و پاکستان و لوبنان و بەحرێنەوە سەردانی عێراق دەکەن بۆ بەشداربوون لە مەراسیمەکەدا.

عاشورا ئەو رۆژەیە، کە ئیمام حوسێن کوڕی ئیمام عەلی و یاوەرانی شەهیدکران و ساڵانە شیعەكان لەو رۆژەدا مەراسیم رێكدەخەن و شین بۆ ئیمام حوسێن دەگێڕن.