وەزیری ناوخۆ: لیژنەیەكی ھاوبەش بۆ فریاكەوتنی مرۆیی شەڕی مووسڵ پێك دەھێنرێت

دەرباز محەمەد: 200 ھەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان

K24 – ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پلانی ھاوبەش وەك ئامادەكاری بۆ ھاتنی ئاوارەكانی شەڕی مووسڵ، كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بە مەبەستی باشتركردنی ھەماھەنگی و خۆ ئامادەكردن بۆ پڕۆسەی رزگاركردنی نەینەوا و جێبەجێكردنی پلانی فریاكەوتنی مرۆیی، بڕیاردرا بۆ دروستكردنی لیژنەیەكی ھاوبەش لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان".

كەریم شنگالی گوتیشی: "بەپێی ئەو رێككەوتننامەیە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان سەرپەرشتی ئەو كارە دەكەن ئەوەی كە پێویست بێت بە ھاوكاری لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان جێبەجێی دەكەن".

ھەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق گوتی: "وەك ھەموو لایەك ئاگادارە پرۆسەی ئازاكردنەوەی مووسڵ دەست پێدەكات، لایەنە مرۆییەكەی گرنگە لای ھەموومانەوە، بۆیە ئەو لێك تێگەیشتنەی ئەمڕۆ لە نێوان ھەرسێ لایەن واژووی دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین باشترین وەڵامدانەوەمان ھەبێت بۆ ئەو كێشانەی دێنەڕوو".

ئەوەشی خستەڕوو: "ھەماھەنگی زۆرمان لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم ھەیە، تا ئێستا 200 ھەزار خێزانی گەراونەتەوە شوێنی خۆیان، رۆژانە لە سنووری ژێردەستەڵاتی حكوومەتی ھەرێم لە نووسینگەكانمان بسولەی گەڕانەوە بۆ ئاوارەكان دەكەین بۆ ئەو كەسانەی بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان".

ئەم كۆنگرە رۆژنامەوانییە دوای ئەوەھات كە ئەمڕۆ بە مەبەستی واژووكردنی لێك تێگەیشتن بۆ بەھانەوەچوونی ئاوارەكانی مووسڵ كە پێشبینی دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆسەی ئازادكردنی شارەكە زۆر لە ھاووڵاتیانی ناوچەكە ئاوارەبن، كەریم شنگالی وەزیری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دەرباز محمەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكوومەتی عێراق و لیزا گراندی رێكخەری كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ھەولێر كۆبوونەوە.