مه‌سرور بارزانی: به‌ ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی دیكه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن

رێككه‌وتنێكی سیاسی به‌ فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی سه‌قامگیری و ئاشتی داده‌نرێت

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ستیڤانی ویلیامز، جێگری نێرده‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، كاتێك مووسڵ ئازاد ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك كێشه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، بۆیه‌ رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پێكهاته‌كان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌ به‌ر له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ فاكته‌رێكی گرنگی سه‌قامگیری و ئاشتی داده‌نرێت.‌

مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاند، چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌ییانه‌ی كێشه‌ و جیاوازییه‌ ئه‌تنی و ئایینی و سیاسییه‌كان له‌ عێراق، به‌ پێویست ده‌زانرێت و دووپاتیكرده‌وه‌ به‌ر له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ پێویسته‌ رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌سه‌ر ئیداره‌كردنی شاره‌كه‌، له‌ قۆناغی دوای داعش هه‌بێت.

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ئاماژه‌كردن به‌ پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌، راشیگه‌یاند،  له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌، روو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

ستیڤانی ویلیامز، جێگری سه‌رۆكی نێرده‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق، ئاماژه‌ی به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی فریاگوزارییه‌ مرۆییه‌كان كرد و رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ر هێلن.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنێكی باش له‌و باره‌وه‌ به‌دی ده‌كرێت و دووپاتیشیكرده‌وه‌، له‌ گفتوگۆكانی خۆیاندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن.