هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر كێشه‌ی نه‌وت و مانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له موسڵ رێككه‌وتوون
ئاكامی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی ئاشكرا ده‌بێت
K24 – هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز چه‌ند زانیارییه‌ك كه به تایبه‌ت ناوی بردووه بڵاوكردووه‌ته‌وه و له باره‌ی سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا نوسیوویه‌تی" له‌و سه‌ردانه‌دا رێككه‌وتن له بواری نه‌وت و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له موسڵ به چاودێری ئه‌مریكا كراوه، رێككه‌وتنه‌كه‌ش پاش ئه‌وه هاتووه كه كورد ده‌یه‌وێت هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له كاتی به‌شداریكردن له شه‌ڕی موسڵ دژی چه‌كدارانی داعش له‌و شاره‌دا بمێننه‌وه و ئه‌مه‌ش به‌شێكه له پلانی ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی موسڵ و رێگه‌گرتن له دارووخانی پلانه‌كه‌یان.
گوته‌بێژی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق"سه‌عد حه‌دیسی" له‌و باره‌یه‌وه به رۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌وسه‌ت" راگه‌یاندووه" له كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لبۆ به‌غدا، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه كه سه‌رجه‌م كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر چاره‌سه‌ر بكرێن،یه‌كێك له‌و بابه‌تانه په‌یوه‌ندی به شه‌ڕی موسڵه‌وه هه‌بوو، كه رێككه‌وتنی كۆتایی له باره‌ی رۆڵ و شێوازه‌كانی كراوه و لایه‌نێكی دیكه‌ش په‌یوه‌ست بووه به پرسی نه‌وت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له نێوان هه‌ر دوو حكومه‌ت دا،چوارچێوه‌یه‌كی گشتی داڕێژراوه و له چه‌ند رۆژی داهاتوودا به ئاماده‌بوونی شاره‌زایانی هه‌ر دوولا،له باره‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و راده‌ستكردنی و به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسه‌كه له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردووی پێش سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ به‌غدا"برێت مه‌كگۆرك" نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌مریكی هه‌وڵه‌كانی چڕ كردبووه‌وه و له نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا له جموجوڵدا بووه تا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی له نێوان هه‌ر دوو لایه‌نی كوردی و عێراقیدا رێككه‌وتن له باره‌ی داهاتی نه‌وت و دابه‌شكردنی له نێوان هه‌رێم و به‌غدا به ئه‌نجام بگات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی دبلۆماسی رایگه‌یاندووه" دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت له نێوان هه‌رێكم و به‌غدا و رێككه‌وتن له‌سه‌ری، كاریگه‌رییه‌كی زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و پلانی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ، كه له سێ لاوه له لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه ئه‌و شاره گه‌مارۆدراوه.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی شه‌رقولئه‌وسه‌ت سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتوویه‌تی" ئه‌گه‌ر "برێت مه‌كگۆرگ" نه‌بووایه ئه‌و رێككه‌وتنه به ئاكام نه‌ده‌گه‌یشت.