ئەكرەم شەریف: كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نا یاساییە

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەى ژمارە 30 ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بە سەرۆکایەتى ئازاد حەمەدەمین ئەنجامبدرێت، ئەكرەم شەریف كە پێشتر كاندیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بوو كۆبوونەوەكە بە نا یاسایی دەزانێت.

ئەنوەر تاهر محەمەد جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت و ھیچ كێشەیەكی یاسایمان نییە".

ئەکرەم شەریف کە تا ئێستاش پێى وایە ئەو مافى ئەوەى هەبووە ببێتە سەرۆکى ئەنجوومەن لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەى سەرۆکایەتى ئەنجوومەن و ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى کردووە و تێیدا دەڵێت، هیچ کۆبوونەوەیەک بەسەرۆکایەتى ئازاد محمد ئەمین و جێگرەکەى یاسایى نییە.

لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ئەكرەم شەریف گوتی: "دەبوایە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەسەرجەم فراكسیۆنەكانەوە پشتگیریان لەم سەرجە یاساییە بكەن كە من خستوومەتەڕوو، ئەگەر نا یاساییە وەڵام بدەنەوە ئەگەر یاساییشە پێش ھەموو شت دەبێ بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن كۆبوونەوەكە بەڕێوەببات، بۆ ئەوەی وەك شتەكانی دیكە بە نایاسایی تێنەپەڕێنرێت".

دواى کۆبوونەوەکەى رۆژى 25 ئابی 2016، ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، بۆ ئاڵوگۆڕى پۆستەکانى حکوومەتى خۆجێى پارێزگاى سلێمانى، بڕیارە ئەمرۆ ئەنجومەنەکە کۆبوونەوەیەکى بەرفراوانى خۆى ئەنجامبدات.

پێشتر کاندیدى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەدواى ئاڵوگۆڕى پۆستەکان بۆ شوێنى هەڤاڵ ئەبوبەکر ، ئەکرەم شەریف بوو، بەڵام بە گوتەى خۆی ناوى ئەو لادراوە و بە بریارێکى تاکەکەسى لەناو یەکێتى، ئازاد حەمە ئەمین لە شوێنی ئەو دانراوە بۆ ئەو پۆستە، لەدواى پرۆسەى ئاڵوگۆڕەکەش ئەکرەم شەریف لە دادگا سکاڵاى تۆمارکرد و لێکۆڵینەوەش  لە کەیسەکە بەردەوامە.