پنتاگۆن: داعش خەڵكی سڤیلی مووسڵ دەكاتە قەڵغانی مرۆیی
K24 - ھەولێر
ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی شاری مووسڵ و پێشڕەوییەکانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، چەکدارانی داعشی شپرزە كردووە و دانیشتووانانی مووسڵ، وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردێنن، تاوەکوو خۆیان لە ھێرشە ئاسمانییەکان بپارێزن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی مووسڵ، چەکدارانی داعش، رێگە بە ھیچ دانیشتوویەکی شاری مووسڵ نادەن، ئەو شارە جێبێڵێن و وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریاندێنن، تاوەکوو خۆیان لە ھێرشە ئاسمانییەکان بپارێزن و خەڵکی سڤیل ببنە قوربانی ھێرشەکان.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەوەی ئاشکرا کرد کە داعش ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی خۆی لە نێو شاری مووسڵ.
لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی مووسڵ، ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لەو شارە ھەبێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی چەکدارانی داعش رێگەبە خەڵکی مووسڵ نادەن لەو شارە دەربچن، ھێشتا خەڵکێکی زۆر ئاوارە نەبووە.