هەولێر و رۆما جەخت لە بەردەوامیی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە دەکەنەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەردەوامیی هاوکارییەکانی هێزی پێشمەرگە و دەستەبەرکردنی دادپەروەرانەی بەشەبودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا له‌ عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی تاوتوێ کرا، هەروەها جەخت لە پێویستیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا، لەم بارەیەوە، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پاراستن و رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 کردەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ خەڵکی کوردستان تەرخان بکرێت.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تۆماسۆ سانسۆنێ، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمى كوردستان، کورتەیەکی دەربارەی پلان و کارەکانیان بۆ بنیاتنانی باڵاخانەی نوێی کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر خستەڕوو.