قالیباف: کلیلی رزگارکردنی ئابووریی ئەمریکا لە هەڵاوسان لە گەرووی هورمزە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا بە بەرزکردنەوە یان نزمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بەڕێوە ناچێت، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵاوسانە پەیوەستە بە شۆکی خستنەڕوو لە کەرتی وزەدا کە بەهۆی داخستنی رێڕەوە ستراتیژییەکانی وەک گەرووی هورمز و بابولمەندەب دروستبووە و هیچ پەیوەندییەکی بە سوودی بانکییەوە نییە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای ئێکس نووسیویەتی، بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە دیاریکردنی رێژەی سوود، بێسوودە، قالیبف دەڵێت: "با ببینین ئایا یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریکا بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود دەتوانێت گەرووی هورمز بکاتەوە یان یەک بەرمیل نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنێت؟". سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونیکردەوە، ئەوە مەترسیی گەرووی هورمزە کە ئاراستەی نرخەکان لە بازاڕدا دیاری دەکات، کۆنترۆڵکردنی ئەم مەترسییەش ئێستا بە تەواوی لە دەستی ئێراندایە.
قالیباف لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، سەردەمی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان تەنیا لە رێگەی بەکارهێنانی کەرەستە دارایییەکانی لایەنی خواست کۆتایی هاتووە و ئێستا هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکان رۆڵی باڵا لە دیاریکردنی پێوەرە ئابوورییەکاندا دەگێڕن، رایگەیاند، لە بارودۆخی ئاساییدا بانکە ناوەندییەکان هەوڵ دەدەن بە گۆڕینی سوودی بانکی رێگری لە هەڵاوسان بکەن، بەڵام هەڵاوسانی ئێستای ئەمریکا بەرهەمی قەیرانی دابینکردنی وزەیە و ناکرێت بە شێوازی کلاسیکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دایە چالاکوانانی بازاڕ لە ئەمریکا کە یاریپێکردنی رێژەی سوود ناتوانێت هەڵاوسانی ئابووری وڵاتەکە چارەسەر بکات، بەڵکو دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن داخرانی گەرووی هورمز و بابولمەندەب ژینگەی ئابووریی جیهانی گۆڕیوە، بۆیە تا ئەو کاتەی ئێران رەزامەند نەبێت، ناکرێت هەڵاوسان لە ئەمریکا بنبڕ بکرێت و نرخەکان بە بەرزی دەمێننەوە.