ئاماری زیانه‌كانی په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر كه‌ركوك
تا ئێستا لاشه‌ی 63 چه‌كداری داعش گه‌یێنراوه‌ته پزیشكی داد له كه‌ركووك
K24 – ھەولێر
له په‌لاماری رۆژی هه‌ینی رابردووی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر كه‌ركوك 99 كه‌س شه‌هید بوون و 230 دیكه‌شی بریندار بوون.
زۆربه‌ی قوربانییه‌كانی په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر كه‌ركوك پۆلیسن.
له‌م په‌لاماره‌دا 42 پۆلیس، 26 هاووڵاتی، 17 پێشمه‌رگه، 11 ئه‌ندامی ئاسایشی پارتی، 2 ئه‌ندامی ئاسایشی یه‌كێتی و ئه‌ندامێكی دژه تیرۆر شه‌هید بوون.
له شاری داقوقیش 15 ئافره‌ت به‌هۆی په‌لاماری چه‌كدارانی داعش شه‌هید بوون.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌هرام قاسمی رۆژی هه‌ینی رایگه‌یاند سێ ته‌كنیكاری وڵاته‌كه‌ی له وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له دوبز شه‌هید بوون و چواری دیكه‌شی بریندار بوون.
چه‌كدارانی داعش به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی رابردوو دزه‌یان كرده ناو شار كه‌ركوك و له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی یه‌كی حوزه‌یران و ئه‌سره‌و مه‌فقودین و تسعین و دۆمیز په‌لاماری چه‌ند شوێنێكیان دا و ژماره‌یه‌ك له چه‌كداره‌كانی له هۆتێله‌كانی سنوبه‌ر، مه‌جیدیه و جیهاد و مزگه‌وتێكی گه‌ڕه‌كی دۆمیز جیگیر بوون و به‌چه‌كی قه‌ناس ته‌قه‌یان له هێزه ئه‌منییه‌كان و هاوڵاتیان كرد.
هێزه ئه‌منییه‌كان و هاوڵاتیانی خۆبه‌خشی كه‌ركوك به‌ره‌نگاری په‌ڵاماری چه‌كدارانی داعش بوونه‌وه و توانیویان شكست به‌م پیلانه‌ی داعش بێنن كه پیلانێكی گه‌وره‌ی داعش بوو به ئامانجی ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی شاری كه‌ركوك و په‌لاماردانی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه و كۆنترۆڵ كردنی ته‌واوی كه‌ركوك، هه‌ر وه‌ك شیخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70 هێزی پێشمه‌رگه به كوردستان24 رایگه‌یاند.
چۆنییه‌تی دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی كه‌ركوك، عه‌مید خه‌تاب عومه‌ر له‌باره‌ی چۆنییه‌تی دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش بۆ ناو شاری كه‌ركوك گوتی له‌م شاره 600 هه‌زار ئاواره هه‌یه، دیاره له‌گه‌ڵ ئه‌وانه دزه‌یان كردووه، یان له‌وانه‌یه هێنرابن، به‌ڵام هاتوون و چوونه ناو ماڵی هاووڵاتیان و دوای لێكۆلینه‌وه ئه‌نجامه‌كانی بۆ رای گشتی راده‌گه‌ینین.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری عێراق له‌مباره‌وه به كوردستان24 رایگه‌یاند، ناكرێت چیدیكه به هه‌ست و سۆزه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی ئاواره‌كاندا بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێ هه‌موو رۆژێك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بین، رۆڵه‌كانی كه‌ركووك خه‌ڵتانی خوێن بن و ئه‌و جۆره رووداوانه دووباره ببنه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌باره‌ی دزه‌كردنی تیرۆریستانی داعش بۆ ناو شاری كه‌ركووك ئاشكرای كرد، لێکۆلینەوەکان دەستیپێکردووە و زانیاریی سەرەتایی هەن کە دزه‌كردنه‌كه‌ی تیرۆریستانی داعش بۆ ناو كه‌ركووك له ئه‌نجامی ئه‌و بۆشاییه بووه كه له میحوه‌ری داقوق - به‌شیر به مه‌ودای زیاتر له چوار كیلۆمه‌تر له هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌ی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دژ به تیرۆریستانی داعش له‌م ناوچه‌یه نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا هه‌یه.
له لایه‌ن خۆیه‌وه مه‌حمود سه‌نگاوی له باره‌ی چۆنییه‌تی دزه‌كردنی ئه‌و چه‌كدارانه بۆ ناو شاری كه‌ركوك به كوردستان24 رایگه‌یاند ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه كارئاسانی زۆریان بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ی ئاواره‌كان كردووه و هه‌ندێكیان نوسراویان بۆ ئه‌و ئاوارانه كردووه. گوتیشی تا ئه‌و ئاوارانه به‌و شێوه‌یه بهێنرێنه ناو سه‌نته‌ری شاره‌كانه‌وه ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه زۆره.
هه‌ر له‌مباره‌وه هه‌ڵۆ نه‌جات به‌ڕێوبه‌رى ئاسايشى كه‌ركووكى سه‌ر به پارتى ديموكراتى كوردستان به كوردستان 24 رایگه‌یاند له رۆژێكدا 1500 كه‌سى ئاواره خۆيان ده‌گه‌يه‌ننه شارى كه‌ركووك و به 11 ده‌زگاى ئه‌منييه‌وه هێشتا نه‌توانراوه زانيارى هه‌مه لايه‌نه له‌باره‌ى ئاواره‌كانه‌وه كۆبكرێته‌وه.
ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش
زانیاری ورد له‌باره ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش له‌به‌ر ده‌ست نییه كه دزه‌یان كردبووه ناو شاری كه‌ركوك، به‌ڵام هه‌موویان له‌م په‌لاماره‌دا كوژراون.
ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان باس له دزه‌كردنی زیاتر له 100 چه‌كداری داعش ده‌كه‌ن و له ناو شاریشدا كه‌سانێك هاوكارییان كردوون.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به ده‌یان چه‌كداری دیكه‌ی داعش له كاتی په‌لاماردانی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه له میحوه‌ره‌كانی كه‌ركوك كوژران و كوردستان24 وێنه‌ی زۆرێك له‌وان بڵاو كرده‌وه.
تا ئێستا لاشه‌ی 63 ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش دزه‌یان كردبووه ناو شاری كه‌ركوك له نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ركوكن و ژماره‌یان روو له به‌رزبووونه‌وه‌یه.
به‌شی هه‌ره زۆری چه‌كدارانی داعش له رۆژی یه‌كه‌می پێكدادانه‌كان كوژران و ئه‌وانه‌ی دیكه‌شیان پاش شكستی پیلانه‌كه‌یان، خۆیان له ناو هه‌ندێ له گه‌ره‌كانی شاری كه‌ركوك حه‌شار دا یان بۆ ناوچه‌كانی خوارووی كه‌ركوك رایانكرد، له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو رۆژه‌دا كه‌وتنه به كێوماڵ و راوه‌دوونان له لایه‌ن پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان و هاووڵاتیانی خۆبه‌خش و هه‌موویان كوژران و به ته‌واوه‌تی شكست به پیلانی داعش هێنرا و ئارامی بۆ شاری كه‌ركوك گه‌ڕایه‌وه.