بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک: داشکاندنی قەرزی کارەبا تا 18ی تشرینی یەکەم درێژ کرایەوە

سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ رۆژی پشوو و هەینییە، بەڵام فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی فرۆشتنی وزە لە دەوامدان بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن سەردانیان بکەن و لە داشکانی 50%ی قەرزی کارەبا سوودمەند بن. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆکیش رایگەیاند، کەمپەینی داشکاندنەکە تەنیا سێ رۆژی ماوە و لە 18ی تشرینی یەکەم کۆتایی پێدێت.

هەینی، 16ی تشرینی دووەمی 2026، حازم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، بە کوردستان24٤ی راگەیاند: "کەمپینی دووەمی داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا تا 18ی تشرینی یەکەم درێژ کراوەتەوە، بەو مەبەستەش هەردوو رۆژی پشووی هەینی و شەممەش هاتووینەتە سەرکار بۆ ئەوەی هاووڵاتییان سوودمەند بن لەو دەرفەتە، و لە کاتژمێر 8:30ی بەیانییەوە ئۆفیسەکانمان کراوە دەبن."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە پێمان خۆشە خەڵک هەمووی فێربێت بە رێگەی ئی-پسوولە پارەی کارەبا بدات و پێویست بە ماندووبوون ناکات کە بێن بۆ ئۆفیس، هەرچەندە رێژەیەکی کەمی هاووڵاتییان بە کاش پارە دەدەن و زۆربەی خەڵک لە رێگەی ئی-پسوولەوە پارە دەدەن، بە جۆرێک نزیکەی 70%ی هاووڵاتییان لە رێگەی ئی-پسوولەوە قەردەکانیان داوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک ئەوەشی خستە روو، زیاتر لە 700 هەزار بەشداربوو لە کەمپینی یەکەمدا سوودمەند بوون و لەسەر خواستی خەڵکیش کەمپینەکە بۆ قۆناخی دووەم درێژ کرایەوە تاوەکو زۆرترین هاووڵاتی لەو دەرفەتە بواری داشکاندن و ئاسانکارییەکان بەدەست بهێنن.