مه‌سرور بارزانی: پێشمه‌رگه‌ ته‌واوی ئامانجه‌كانی جێبه‌جێكردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، نابێ هیچ گرووپێكی چه‌كداری ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی عێراق به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و قۆناخه‌كانی دواتردا بكات.

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ی 25ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2016، له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ جۆزێف پێنینگتۆن، یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و به‌رپرسی مه‌له‌فی عێراق رایگه‌یاند، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌ زۆربه‌ی ئه‌و ئامانجانه‌ی جێبه‌جێكرد، كه‌ له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق دیاریكرابوو.

له‌ باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ و به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ قۆناخی دوای داعش، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، نابێت هیچ گرووپێكی چه‌كداری ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی عێراق، به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و قۆناخه‌كانی دواتردا بكات.