له‌گه‌ڵ نزیكبوونی هێزه‌كانی عێراقی بە ده‌یان هه‌زار كه‌س ئاواره دەبن
ئاوارەكانی موسل پاش نزیكه‌ی دوو ساڵ له كه‌مپی خازر یەكتر دەبیننەوە
K24 – هه‌ولێر
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند زیاتر له 10 هه‌زار عێراقی ئاواره بوونه، له‌وه‌ته‌ی ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ له رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌م ده‌ستیپێكردووه.
نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ هه‌ماهه‌نگی كاروباری مرۆیی له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند زیاتر له 10500 كه‌س ئاواره بوونه و پێویستیان به یارمه‌تی مرۆیی هه‌یه.
ئاواره‌بوونی دانیشتوانی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری موسڵ هاوكاته له‌گه‌ڵ توندتر بوونی بازنه‌ی ئابلۆقه‌ی هیزه‌كانی پێشمه‌رگه و عێراقی له‌سه‌ر چه‌كدارانی داعش له‌ناو شاری موسڵ.
ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسل له ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی دووه‌م دایه و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ناوچه‌كانی باكووری و باشوور و رۆژهه‌ڵاتی موسڵ كۆنترۆڵ كراون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نابینرێت كه كۆچێكی گه‌وره‌ی ئاواره‌كان له‌ناو موسڵ ده‌ستپێبكات.
دانیشتوانی هه‌ندێ له‌و ناوچانه‌ی ده‌وروبه‌ری موسڵ بۆ شوێنه‌كانی خۆیان گه‌ڕانه‌وه، پاش ئه‌وه كه ئاسایشی ناوچه‌كانیان له لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقی دابینكراوه.
ریكخراوه مرۆییه‌كان پێشبینی ئاواره‌بوونی دانیشتوانی شاری موسڵ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ نزیكبوونی هێزه‌كانی عێراقی كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشبینی ده‌كات نزیكه‌ی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دانیشتووی شاری موسڵ هه‌وڵی راكردن بده‌ن.