بارزانی: پێشمه‌رگه ناچێته ناو موسڵ
حه‌كیم: توركیا ده‌توانێ له رێگه‌ی حكومه‌تی عێراق یارمه‌تیمان بدات لە شەڕی دژی داعش
K24 – هه‌ولێر
بارزانی و حه‌كیم له نزیك به‌ره‌كانی شه‌ڕ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌رده‌وامبوونی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و عێراقیان دووپات كرده‌وه كه به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه پێشتر له‌سه‌ری رێكه‌وتوون.
عه‌ماری حه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عیراق رایگه‌یاند شه‌ڕی داعش شه‌ڕی هه‌موو عێراقییه‌كانه و به شه‌ڕیكی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌زانێت و هیواداره سهركهتنهكان به‌سه‌ر داعش به‌رده‌وام بن، خۆشحاڵی خۆیشی دەردەبڕێت لەگەڵ بارزانی و فەرماندە سەربازییەكان كۆ دەبێتەوە.
گوتیشی بۆ شه‌ڕی داعش فه‌رمان له هیچ وڵاتێك وه‌رناگرین و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراقی هه‌یه و هه‌ماهه‌نگی نێوان به‌غدا و هه‌ولێریش به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌باره‌ی هۆكاری دروستبوونی داعش، حه‌كیم گوتی له ئه‌نجامی كه‌موكورتی ئه‌منی دروست نه‌بووه، كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری دیكه‌شی هه‌یه و بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه به په‌ره‌پیدانی ئابووری كرد و پێشی وایه داعش ته‌نیا به رێگه‌ی سه‌ربازی له‌ناو ناچێت.
هه‌روه‌ها سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا گرنگ زانی و گوتی ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانه‌یه كه هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و عێراق لێكهوتهوه و یه‌كه‌مجاریشه ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ سوپای عێراق ده‌كرێته‌وه.
له لایه‌ن خۆیه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی رۆڵی پێشمه‌رگه له ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ رایگه‌یاند رۆڵ و ئه‌ركی پیشمه‌رگه له شه‌ڕی رزگاركردنی موسڵ دیاریكراوه و ناچێته ناو شاری موسل و هێزه‌كانی سوپای عێراق ده‌چنه ناو موسڵ، گوتیشی هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له‌نێوان پیشمه‌رگه و سوپای عێراق هه‌یه و هیوادارم به‌رده‌وام بێت.
سه‌رۆك بارزانی هه‌ر سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنی هێزی پێشمه‌رگه له ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ گوتی ئێمه بۆ خۆمان شه‌ڕ ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێت مه‌ترسی داعش له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكه‌ینه‌وه و به رزگاركردنی موسڵ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌م ده‌بێته‌وه و شه‌ڕی ئێمه له سوریا نییه.
له‌باره‌ی ئایندهی موسڵی دوای داعش گوتی رێكه‌وتن كراوه كومیته‌یه‌كی باڵا نیوان هه‌رێم و به‌غدا پێك ده‌هێنرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی دێنه پێش.
گوتیشی قه‌زای باشیكیش ئابلۆقه دراوه و ده‌مانه‌وێت به كه‌مترین زیان ناوچه‌كان كۆنترۆل بكه‌ینه‌وه و پێویسته خۆمان بۆ هه‌موو ئاگهریك ئاماده بكه‌ن، دڵنیاییش ده‌داته دانیشتوانانی موسڵ و ده‌یانه‌وێت به‌بێ خوێنرشتنی هاووڵاتیانی سڤیل شاره‌كه كۆنترۆڵ بكرێته‌وه.
له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كه‌ركوكی گوتی ئه‌وه‌نده هێز له كه‌ركوك هه‌یه كه بتوانرێ به‌رگری له شاره‌كه بكات.
حه‌كیم له لایه‌ن خۆیه‌وه ئازادكردنی موسل به سه‌ره‌تایه‌ك زانی بۆ عێراقییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عیراق له‌باره‌ی بوونی هێزه‌كانی توركیا له باشیك گوتی پێشتر داوامان كردووه هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه و پێویسته له ده‌روازه‌ی حكومه‌تی عێراق هاوكاری بكات بۆ شه‌ڕی دژی داعش و بوونی هه‌ر هێزیكی بیانی له‌ناو خاكی عێراق پێویسته به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت بێت.
گوتیشی له گۆڕه‌پانی شه‌ڕ پێویستیمان به هیچ هێزێكی بیانی نییه، به‌ڵام توركیا ده‌توانێت وه‌ك وڵاتانی دیكه له رێگه‌ی حكومه‌تی عێراقه‌وه یارمه‌تیمان بدات له شه‌ڕی دژی داعش.