"ده‌بێت حه‌شد له كه‌ركووك بچێته ده‌ره‌وه"
بۆچى ته‌نيا پارتى وه‌ڵامى مالكى دايه‌وه، خۆ مالكى باسى پێشمه‌رگه‌ى له كه‌ركووكيش كردبوو
K24 – هه‌ولێر:
نوێنه‌رى كورد له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا رايگه‌ياند، هه‌ر هێزێكى بيانى بێته كه‌ركووك ناگه‌ڕێته‌وه و شاره‌كه ده‌بێته گۆڕستانيان و روونيشيكرده‌وه، ده‌بێت حه‌شد له كه‌ركووك بچێته ده‌ره‌وه.
چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى، كه هێزێكى شيعه‌ئاينزايه و له لايه‌ن ئێرانه‌وه پشتيوانى لێده‌كرێت، به پاساوى پاراستنى شوێنگه مه‌زهه‌بييه‌كان هاتوونه‌ته كه‌ركووك.
له‌و باره‌يه‌وه شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق تايبه‌ت به كوردستان 24ى راگه‌ياند، ئه‌و چه‌كدارانه‌ى هاتوون، ده‌ستى ئيقليمى له پشته‌وه‌يه و هه‌ر هه‌مان رۆژى په‌لاماردرانى كه‌ركووك ئه‌وان خۆيان بۆ ئه‌وه ئاماده كردبوو.
گوتيشى: هيچ بيانوويه‌ك نه‌ماوه بۆ هاتنى حه‌شدى شه‌عبى و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسى داعش له‌ناو براوه و سه‌رجه‌م چه‌كدارانى داعش كه په‌لامارى كه‌ركووكيان دابوو كوژران و ئێستا كه‌ركووك له ئه‌ماندايه.
روونيشيكرده‌وه، هه‌ر هێزێكى بێگانه بێته كه‌ركووك ده‌بێته گۆڕستان بۆيان و ئه‌وه خيانه‌تێكى مێژووييه ئه‌گه‌ر بێت و كه‌ركووك راده‌ستى عێراق بكرێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌و چه‌كدارانه‌ى حه‌شد كه هاتوونه‌ته كه‌ركووك ئێمه قه‌باره‌يان ده‌زانين و به‌و جۆره هاتوون كه كاتييه و ده‌بێت به زووترين كات كه‌ركووك به‌جێ بهێڵن.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، هاتنى ئه‌و هێزه له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌ن و ئيداره‌ى كه‌ركووك و ئه‌وان ده‌بێت بڵێن كه‌ركووك ئه‌مانه و پێويسته ئه‌و هێزانه كه‌ركووك به‌جێ بهێڵن.
سه‌باره‌ت به لێدوانه‌كانى مالكى، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا قسه‌كانى مالكى به پيلانگێڕييه‌ك له دژى كه‌ركووك له قه‌ڵه‌مدا و گوتى: بۆنى پيلانێك ده‌كرێت و ده‌بێت خۆمانى بۆ ئاماده بكه‌ين.
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا پرسيارى ئه‌وه‌شى وروژاند، بۆچى ته‌نيا پارتى وه‌ڵامى مالكى دايه‌وه، خۆ مالكى باسى پێشمه‌رگه‌ى له كه‌ركووكيش كردبوو، بۆچى مه‌كته‌بى سياسى حزبه‌كانى ديكه هه‌ڵوێستيان نه‌بووه..
گوتيشى: تا ئێستا جگه له پارتى هيچ هێز و لايه‌نێكى ديكه به ره‌سمى به‌ياننامه‌يان بۆ ئيدانه‌كردنى لێدوانه‌كانى مالكى ده‌رنه‌كردووه.