هۆشداری له‌ باره‌ی به‌كارهێنانی ئه‌م شرووبه‌ ده‌درێت

له‌ كوردستان به‌رهه‌مده‌هێنرێت

K24 - هه‌ولێر:

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی، بە كوردستان 24ی راگەیاند, ماوەیەك لە مەوبەر دوای ئەوەی نەخۆشێك سەردانی یەكێك لە بنكە تەندروستییەكانی شاری ھەولێر دەكات، لەوێ شرووبێكی تایبەت بە سك ئێشەی پێدەدرێت, بەڵام تێبینی بوونی ژمارەیەكی زۆر مێروو لە ناو شووشەی شروبەكەدا دەكات.

سەرچاوەكە دووپاتیكردەوە, دەسبەجێ تیمی بەرپرس دەگەنە بنكەی ناوبراو پشكنین بۆ تەواوی شروبەكانی تری ھەمان كۆمپانیا دەكرێت و دەردەكەوێ كە چەندین شووشە دەرمانی دیكه‌ی ھەمان جۆر بە ھەمان شێوە ژمارەیەكی زۆری مێروو تێدایە.

دەرمانەکە به‌رهه‌می کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی دەرمانی ناوخۆی کوردستانە و بارەگای سه‌ره‌كی لە شاری سلێمانییە.

به‌ گوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان24, داواکاری گشتی زانیاری لەبارەی بلاوبوونەوەی ئەو دەرمانە بەدەست گەیشتووە و ئێستا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەکرێت.

کوردستان24 هەوڵیدا لیدوان لە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی وەربگرێت، بەڵام بەبیانووی کۆتایینەهاتنی لێکۆڵینەوەکان، ئامادەنەبوون زانیاری بدەن.