له پێش ئۆتۆمبێله‌كانی داعشه‌وه نه‌ڕۆن ده‌كوژرێن
تا فڕۆكه‌كان نه‌یه‌نه به‌ره‌كانی شه‌ڕ سڤیله‌كان ده‌رفه‌تی هه‌ڵاتنیان نییه
K24 – هه‌ولێر:
چه‌كدارانی داعش هاوڵاتیانی سڤیلی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناچار كردووه له پێش ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه‌كانیانه‌وه بڕۆن و وه‌ك قه‌ڵغانێك بۆ پارێزگاری له چه‌كدار و ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه‌كانیان به كاریان ده‌هێنن،هه‌ر كه‌سێكیش بیه‌وێت رابكات ده‌یكوژن.
رۆژنامه‌ی"ئیندیپیندنت" له ژماره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌دا راپۆرتێكی "كاسی ئه‌وتین" ی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه له عێراقه‌وه ناردوویه‌تی و ئاماژه‌ی به ره‌وشی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ كردووه، له ژێر ناوی "سڤیله هه‌ڵاتووه‌كان له جه‌نگ" له لایه‌ن داعشه‌وه ناچار ده‌كرێت پێش ئۆتۆمبێلی چه‌كداره‌كانیان بكه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی له بۆردوومان خۆیان بپارێزن.
نووسه‌ری بابه‌ته‌كه‌ی ئێندیپێندنت هه‌روه‌ها نوسیوویه‌تی"پیاوانی ده‌ست و چاو به‌ستراو له به‌رده‌ستی ئه‌فسه‌رانی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقیدا ده‌بینیت پاش ئه‌وه‌ی ناوچه و شاره‌كانی خۆیان جێهێشتووه و له ده‌ست چه‌كدارانی داعش هه‌ڵاتوون،هه‌ر چه‌نده هه‌ڵاتن له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ ئاسان نییه و له‌و رێگایه‌دا چه‌كدارانی داعش ده‌یان هه‌زار كه‌سیان رفاندووه و وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاریانده‌هێنن،نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤیش ئه‌و هه‌واڵه‌ی پشتڕاستكردووه‌ته‌وه.
ئه‌و نووسه‌ره له زاری ئه‌و خه‌ڵكه سڤیله‌ی گواستووه‌ته‌وه كه هه‌ڵاتوون و باسی چۆنییه‌تی راكردنیان له ده‌ست چه‌كدارانی داعش كردووه و گوتوویانه" چه‌كدارانی داعش ناچاریان كردوون به پێ له پێش ئۆتۆمبیله سه‌ربازییه‌كانیانه‌وه بڕۆن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان به هۆی خه‌ڵكه سڤیله‌كه‌وه بپارێزن،هه‌ر كه‌سێكیش هه‌وڵی راكردنی دابایه ده‌یانكوشت،هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی سڤیلیان له شار و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵ وه‌ك بارمته گرتووه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له پێشڕه‌وویه‌كانی هێزه عێراقییه‌كان بگرن.
ئه‌و خه‌ڵكه هه‌ڵاتووه ئه‌وه‌شیان گوتووه،ئه‌و خێزانانه‌ی راده‌كه‌ن ته‌نها به‌هۆی ته‌قه‌ی نێوان چه‌كدارانی داعش و هێزه عێراقییه‌كانه‌وه ناكوژرێت، به‌ڵكو دووكه‌ڵ و گازی كانه كبریت و كێڵگه نه‌وتییه سوتاوه‌كانی ناوچه‌كه‌ش ده‌یانخنكێنێت كه داعش دوای هه‌ڵاتن و كشانه‌وه‌ی ئاگری تێبه‌رداوون.
پیاوێكی ته‌مه‌ن "45" ساڵ كه نه‌یویستووه رۆژنامه‌كه ناوه‌كه‌ی بنووسێت گوتوویه‌تی" له‌و كاته‌ی فڕۆكه‌كان و هێلیكۆپته‌ره‌كان دێن بۆردوومانی داعش ده‌كه‌ن،ده‌بێته ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه سڤیله‌كه بتوانن رابكه‌ن له ده‌ست چه‌كدارانی داعش،له‌و كاته‌دا خه‌ڵكه‌كه ئاڵایه‌كی سپی هه‌ڵده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كان جیاوازی له نێوان ئه‌وان و چه‌كدارانی داعشدا بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی گوتووه كه له خێوه‌تگاكانی په‌نابه‌راندا پیاوانی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی،كۆنترۆڵی ئه‌و خه‌ڵكه هه‌ڵاتووه ده‌كه‌ن و سه‌یری ناسنامه و به‌ڵگه‌نامه‌كانیان ده‌كه‌ن و ناو و ناونیشانیان وه‌رده‌گرن،ئه‌گه‌ر كه‌سێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش هه‌بووبێت ده‌ست و چاویان ده‌به‌ستن و ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن.