ژمارەیەك تۆمەتبار لە ھەولێر دەستگیر دەكرێن

یەكێك لە تۆمەتبارەكان خەڵكی بەغدایە

K24 – ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر دەستگیركردنی 14تۆمەتباری راگەیاند و ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو كەسانەی دەستگیركراون چەندین تاوانی خۆراوجۆریان ئەنجامداوە.

بەڕێوبەری پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: "ئەو تاوانبارانە چەندین كێشەیان لەناو شاری ھەولێر دروستكردووە، یەكێك لەو تۆمەتبارانەی دەستگیركراوە خەڵكی شاری بەغدایە و لەوێوە ھاتووەتە ھەولێر و تاوانی ئەنجامداوە".

گوتیشی: "ئەو كەسانەی دەستگیركراون تاوانی كوشتن و دزیكردن و ھەڵكوتانە سەرماڵی خەڵكیان ئەنجامداوە، چەك و چەقۆ و پارە و حەبی بێھۆشكەریان لێگریاوە".

ھەروەھا خەڵكی شاری ھەولێری لە ئارامی و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان دڵنیاكردەوە كە ھێزە ئەمنییەكان چاوكراوەن و رێگەنادەن ئارامی ھەولێر تێكبدەن.

باسی لەوەشكرد، ژمارەیەكی دیكەی تۆمەتبار دەستگیركراون و ئێستا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.