روسیا كاتی ده‌رچوونی چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن له حه‌له‌ب دیاری ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا رایگه‌یاند چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی شاری حه‌له‌ب به‌جێ ده‌هێڵن و تا ئه‌و كاتیش فڕۆكه‌كانی روسیا هیچ هێرشێكی هه‌وایی له حه‌له‌ب ئه‌نجام ناده‌ن.
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو رێگه به چه‌كداران ده‌درێت بێ زیان و به چه‌كه‌كانیانه‌وه له كاتژمێر 9:00 تا 19:00 رۆژی چواری تشرینی دووه‌م به دوو رێڕه‌و شاری حه‌له‌ب به‌جێ بهێڵن.
گوتیشی شه‌ش رێڕه‌وی دیكه بۆ ده‌رچوونی هاووڵاتیانی سڤیل و نه‌خۆش و برینداران له شاری حه‌له‌ب دیاری كراوه.
راگرتنی هێرشه هواییه‌كانی روسیا له حه‌له‌ب به فه‌رمانی ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكی روسیا بووه، هه‌ر وه‌ك وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا گوتی به‌رپرسانی سوریا دڵنیان سوپا له دوو رێڕه‌و ده‌كشێته‌وه كه بۆ ده‌رچوونی چه‌كدارانی دیاری كراوه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا رایگه‌یاند چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن له شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی ناو شاری حه‌له‌ب دووچاری شكستێكی قورس بوونه و به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر گیریان خواردووه.