توركیا وێنه‌ی ئه‌تاتورك له‌سه‌ر دراو لاده‌بات
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا، وێنه‌ی دراوی نوێی كانزایی لیره‌ی توركییان بڵاوكرده‌وه، له جیاتی وێنه‌ی ئه‌تاتورك، هێما و سیمبولی نوێی له‌سه‌ر دانراوه، ئه‌مه‌ش وه‌ك رێزلێنانێك له‌و كه‌سانه‌ی له شه‌وی هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ئه‌مساڵ گیانیییان له‌ده‌ستدا.
چاپخانه‌ی تایبه‌ت به دراوی توركی، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه له رۆژنامه‌ی "یه‌نی شه‌فه‌ق" بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، كۆتایی به چاپكردنی دووپارچه‌ی كانزایی هێناوه، یه‌كێكیان یه‌ك لیره‌ییه و نزیكه‌ی 80 ملیۆن دانه‌ی لێ درووستكراوه، كه هه‌مان ژماره‌ی دانیشتووانی ئه‌و وڵاته‌یه، ئه‌وه‌ی دیكه‌ش 20 لیره‌ییه، كه 5000 دانه‌ی لێ درووستكراوه و كانزاكه‌شی زیوه.
بڕیاریشه ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا، له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه، ئه‌و دراوه نوێیه كانزاییانه بخه‌نه بازاڕه‌كانه‌وه.
له به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، ئاماژه به‌وه‌كراوه، وه‌ك رێزلێنانێك له كوژراوان و بریندارانی شه‌وی هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردووه‌ی 15ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی ئه‌مساڵ، سومبول و هێمای تایبه‌ت له‌سه‌ر دراوه‌كه دانراوه.
وێنه‌ی سه‌ر دراوه‌كه، له كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره پێكهاتووه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵێك كه‌س، ئاڵای توركیایان به‌رزكردووه‌ته‌وه و له‌سه‌ر دراوه‌كه‌ش نووسراوه: "زیندووراگرتنی یادی شه‌هیدان و بریندارانی 15ی ته‌ممووز".
لابردنی وێنه‌ی ئه‌تاتورك له‌سه‌ر دراوی كانزایی ئه‌و وڵاته، به هه‌نگاوێكی نوێی حكوومه‌تی توركیا داده‌نرێت، به‌و پێیه‌ی له‌ماوه‌ی 93 ساڵی دامه‌زراندنی سیسته‌می كۆماری توركیا، وێنه‌ی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و كۆماره‌ی به‌سه‌ر دراوه كانزاییه‌كانه‌وه بووه.