حه‌شدی شه‌عبی رێگه‌ی یارمه‌تی داعش له‌ رۆژئاوای موسڵ داده‌خات

K24 – هه‌ولێر

هادی عامری سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در رایگه‌یاند هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رێگه‌ی یارمه‌تی داعش رۆژئاوای موسڵیان داخست.

عامری كه‌ رێكخراوه‌كه‌ی گه‌وره‌ترین گروپی چه‌كداری پێكهێنه‌ری حه‌شدی شه‌عبییه‌ به‌ ئاژانسی رۆیته‌رز رایگه‌یاند: "ئه‌مرۆ به‌ خواستی خوا، یه‌كه‌م قوناغی ئۆپه‌راسیۆنی حه‌شدی شه‌عبی ته‌واو ده‌بێت ـ به‌ داخستنی رێگه‌ی یارمه‌تی دوژمن نێوان ته‌له‌عفه‌ر و ناحیه‌ی موحه‌له‌بیه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ موسڵ.

ته‌له‌عفه‌ر ده‌كه‌وێته‌ 55 كیلۆمه‌تری رۆژئاوای موسڵ و ڕیگه‌ی هاتوچۆی داعشه‌ له‌ موسڵه‌وه‌ بۆ سوریا. به‌ داخستنی لای رۆژئاوای موسڵ، چه‌كدارانی داعش له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ ئابڵۆقه‌ ده‌درێن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و عێراق و پشتگیری هه‌وایی و لوجستی هاوپه‌یمانان ده‌ستیپێكرد و له‌ هه‌فته‌ی سێیه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ هیزه‌كانی عێراق له‌ به‌ری رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناو شاری موسڵ.