میسر 3000 ئەندامی هێزی تایبه‌ت بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌سه‌د ره‌وانه‌ی سوریا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
ئاژانسی نیوه فه‌رمی فارسی ئێران رایگه‌یاند 3000 هه‌زار ئەندامی هێزی تایبه‌تی سوپای میسر گه‌یشتنه سوریا و یارمه‌تی سوپای ئه‌م ووڵاته ده‌ده‌ن بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری حه‌له‌ب.
ئاژانسه‌كه پشت به لێدوانی به‌رپرسێكی مه‌یدانی له سوریا به‌ستووه و رایگه‌یاند هاتنی ئه‌و هێزه به بڕیاری عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر بووه و گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی مێژویی نێوان قاهیره و دیمه‌شق بۆ حاڵه‌تی ئاسایی جاران پیشان ده‌دات.
سه‌رچاوه‌كه هیچ ئاماژه‌یه‌ك به چۆنییه‌تی گه‌یشتنی ئه‌و هێزه‌ی میسر بۆ سوریا نه‌كردووه، و ته‌نیا ئاماژه به میدیا ناوخۆییه‌كانی سوریا ده‌كات كه رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاو كردبووه‌وه هه‌ندێ ئه‌فسه‌رانی سوپای میسر بۆ هاوكاری له‌گه‌ڵ راوێژكارانی سه‌ربازی روسیا بۆ راهێنانی هێزه‌كانی سوریا گه‌یشتنه به‌نده‌ری ته‌رتوس.
پێشتریش ئاژانسی نه‌سیمی ئێرانی باس لە ناردنی هێزی سه‌ربازی میسر بۆ سوریا كردبوو بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ سوپای ئه‌م وڵاته.