داعش 1600 ھاووڵاتی مەدەنی دەرفێنێ و منداڵانیش چەکدار دەکات

400 ژنی کوردی دەستبەسەر کردووە

K24 - ھەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان لە تازەترین لێکۆڵینەوەیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە چەکدارانی داعش 1600 ھاووڵاتی مەدەنییان رفاندووە بۆ ئەوەی وەک قەڵغانی مرۆیی بەرامبەر بۆردوومانی فڕۆکەکان بەکاریان بێنن.

ستیڤن دوژاریک گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، 1600 دانیشتووی مووسڵ لە شوێنە جیاوازەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەھێندرێن و ھەندێکیان بردراون بۆ تەلەعفەر و سووریا.

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیاری ئەوەشی دا کە رێکخراوی داعش 50 لە چەکدارەکانی خۆیان کوشتووە کە ھەڵگەڕاونەتەوە، ھەروەھا 180 فەرمانبەری پێشووی حکوومەتی عێراقیشیان گولـلەباران کردووە.

ستیڤن ئاماژەی بەوەدا تەنیا رۆژی پێنجشەممە داعش 150 خێزانی لە حەمام عەلیل بۆ مووسڵ و تەلەعفەر گواستووەتەوە، لە بەرامبەر کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانی ، دانیشتوانی حەمام عەلیلیان ناچارکردووە منداڵەکانیان پێبدەن بۆ ئەوەی چەکداریان بکەن. 

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە داعش نزیکەی  400 ژنی کوردی بە ئێزدیی و شیعەوە لە تەلەعفەر دەستبەسەرکردووە.