ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە ھاوكاریكردنی ھێزە عێراقییەكان

K24 - ھەولێر

نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، ھێزی ھاوپەیمانان شان بە شانی ھێزە عێراقییەکان لە ھەوڵی رزگارکردنی دانیشتووانانی شاری مووسڵن تاوەکوو رزگاریان بکەن لەوەی چەکدارانی داعش بیانکەنە قەڵاغانی مرۆیی.

ژەنەڕاڵ جۆن ئالان، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرای کرد ھێزە ئەمریکییەکان لە یەک کاتدا توانای شەڕکردنی لە عێراق و سووریا ھەیە.

ئەو ژەنەڕاڵە ئەمریکییە ئەوەشی ئاشکرای کرد شەڕی داعش لە عێراق درێژە دەکێشێت، بەڵام لە کۆتایی ھەر لە ناودەبرێن.

لەلایەکی دیکەوە، ژەنەڕاڵ جۆن ئالان لەبارەی وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی شاری رەققە لە سووریا، وتی ھێزی سووریای دیموکرات بەمزووانە شەڕی رەققە دەست پێ دەکەن و قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەش بریتی دەبێت لە گەمارۆدانی شاری رەققە.