بڕیار لەسەر شكاندنی بایكۆت مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانی دەدرێت

ھەر چوار حزبەكە لە سلێمانی لەسەر شكاندنی بایكۆت رێكدەكەون

K24 – سلێمانی

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 ئەمڕۆ نوێنەری ھەر یەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی لە شاری سلێمانی كۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە كە كار بۆ شكاندنی بایكۆتی مامۆستا و فەرمانبەران بكرێت، بڕیارە ھەر ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وەزیری پەروەردە كۆببنەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە كوردستان24 گوت: "ئەمڕۆ شاندی ھەر چوار لایەنەكە لە سلێمانی كۆبوونەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر شكاندنی بایكۆت بدەن، دواتریش لەگەڵ نوێنەری مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی كۆببنەوە".

گوتیشی: "مەبەست لەم كۆبوونەوەیە ئەوەبووە ھیچ لایەك بە تەنھا بڕیارنەدات و موزایەدەش بەسەر یەكتر نەكەن".

پێشتر ھەرچوار لایەنە سیاسییەكە لە پشتیوانی خۆیان بۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی دەربڕیووە كە مافەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

ھەر بەپێی زانیارییەكان بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كورستان و جێگرەكەی و وەزیری پەروەردە لەبارەی شكاندنی بایكۆتی مامۆستا و فەرمانبەران كۆببنەوە و بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی دەوام لەناوەندەكانی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بدەن.

ئەمە لەكاتێكدایە تا ئێستا لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە پڕۆسەی خوێندن قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان دەستی پێنەكردووە، بەھۆی سیستمی پاشەكەوت و دواكەوتنی مووچەكانیان مامۆستا و فەرمانبەرانی بایكۆتی دەوامیان كردووە.