بە ڤیدیۆ.. پێشمەرگە لە دوو قۆڵەوە گەیشتە ناو باشیك

K24 – باشیك

ھونەر ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 لە بەرەكانی شەڕ رایگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە لە دوو قۆڵەوە چووە ناو شارەدێی باشیك و لە پێشڕەویدایە بۆ رزگاركردنی ناوەندی باشیك لە دەست چەكدارانی داعش".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لەو شوێنانەی چەكدارانی داعش بەرگریان دەكرد لەلایەن فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان كرانە ئامانج".

ئەفسەرێكی ھێزی پێشمەرگە بۆ كوردستان24 روونیكردەوە: "لە ھەردوو قۆڵی یەك و دوو رێگای چوونە ناو باشیك نزیكتر بوو بۆیە پێشمەرگە زووتر چووەناو باشیك، لە قۆڵی سێشەوە پێشمەرگە لە پێشڕەویدان لە ماوەیەكی كەمدا دەگەنە ناو باشیك".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە ھێرشی بۆسەر ناوەندی شارەدێی باشیك دەستپێكرد، بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكان لە پێشڕەویدان بۆ رزگاركردنی تەواوی باشیك لە دەستی داعش.

زۆرینەی دانیشتووانی ئەو شارەدێیە کوردی ئێزدیین و موسوڵمان و مەسیحی و کوردی شەبەکیشی تێدا دەژین،لە دەوروبەری ناحییەکە ژمارەیەک گوند ھەڵکەوتووە کە "17" گوندیان عەرەبەکان تێیدا نیشتەجێن و "6" گوندی دیکەش ھەن کە ھی کوردە ئێزدییەکانە و لە گوندێکی ئەو شارەدێیەشدا تورکمانەکان ھەن.

خەڵکی ئەو ناوچەیە بە چەند زمانێک قسە دەکەن وەک"عەرەبی" و " کوردی" و "سریانی" و "تورکمانی".

ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەدێیە بە "70 " ھەزار کەس ئەژمار کراوە و ناوچەیەکە بە کلتوری جۆراوجۆر دەوڵەمەندە بەھۆی ئەو فرە نەتەوەیی و ئاینییەی تێدایە، لە ناوچەکانی "باشیک" و "بەحزانی" ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی دەژین کە بەگوێرەی سەرژمێرییەکان ژمارەی ئێزدییەکانی ئەو ناوچەیە 70% ی کۆی دانیشتووان پێکدەھێنن و ھەروەھا 25% دانیشتوانی ئەو دەڤەرانە مەسیحین و لە "سریانی کاسۆلیک" و " سریانی ئەرسەدۆکس" پێکھاتوون.

ھەروەھا 5% دانیشتوانی ئەو ناوچانە سەر بە ھۆزە کوردییەکانی دیکەی ناوچەکانی بادینانن، بەڵام گوندەکانی دەوروبەری شارەدێی باشێک کە ژمارەیان"17" گوندە پێکھاتەکانی دابەش بوون بە سەر پێنج کلتوری جۆراوجۆردا،عەرەبەکان لە 6 گوندی ناوچەکەدا رێژەیان 20% و کوردی شەبەک لە "20" گوندی ئەو شارەدێیەدان و رێژەی 70% و تورکمان لە گوندێکی ئەو ناوچانەدا دەژین و رێژەیان 5% و عەرەب و کریستیانەکانیش لە دوو گوندی دیکەدا رێژەیان دەگاتە 5% ی دانیشتوانی گوندنشینی دەوروبەری شارەدێی باشیک.