حكوومەت بڕیار لە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 دەدات
ئەنجوومەنی وەزیران چەند پرسێك تاوتوێ دەكات
K24 - ھەولێر
ئاراز ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كۆبوونەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا كەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت راپۆرتێك لەبارەی دوا گۆڕانكارییەكانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە پێشكەش بكات، ھەروەھا رابەر سدیق وەزیری دارایی بە وەكالە راپۆرتێك لەسەر داھات و خەرجییەكان و دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 دەخوێنێتەوە كە تا ئێستا دابەش نەكراوە".
پەیامنێرمان ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راپۆرتێك لەبارەی داڕشتنەوەی ھەیكەلی وەزارەتەكەی پێشكەش دەكات كە چەند مانگێك لەمەوبەر وەك چاكسازی لەو وەزارەتە باسكرابوو، پاشان عەبدولستارمەجید وەزیری كشتوكاڵ لە راپۆرتێكدا داھاتە وەدەست ھاتووەكانی وەزارەتەكەی ئاشكرا دەكات".
گوتیشی: "ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری شەھیدان و ئەنفالكراوان دواكەوتنی مووچەی خانەوادەی شەھیدان دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بكەن".