ئه‌مریكا پێسته‌كه‌ی ده‌گۆڕێت
هیلاری و تره‌مپ بێده‌نگ بوون و ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی ئه‌مریكا قسه ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
پڕوپاگه‌نده و پێشبڕكێی گه‌یشتن به كۆشكی سپی له نێوان كاندیده‌كانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كۆتاییهات،هه‌ر یه‌كه له دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی كۆمارییه‌كان و هیلاری كلینتن كاندیدی دیموكراته‌كان له ماوه‌ی رابردوودا هه‌موو قسه‌كانی خۆیان كرد،كاتی ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی ئه‌مریكا و ئه‌مریكییه‌كان قسه‌ی خۆیان بكه‌ن و له نێوان ئه‌و دوو به‌ربژێره‌دا یه‌كێكیان بنێرنه كۆشكی سپی و بیكه‌نه" 45 "همین سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
توڕه‌یی و هه‌ڕه‌شه و په‌لاماردانی یه‌كتر له نێوان هیلاری و تره‌مپ كۆتاییهات و ئه‌مڕۆ ئه‌مریكییه‌كان بڕیار ده‌ده‌ن كام له‌و دوو كاندیده ده‌توانێت سه‌رۆكایه‌تی كاروانی فه‌رمانڕه‌وایی ناوخۆیی و جیهانی ئه‌مریكا بكات بۆ چوار ساڵی دیكه و كام له‌م دوو كاندیده ده‌توانن پێگه و شكۆی جیهانی ئه‌مریكا ههڵكشێننه سه‌روتر و گوزه‌ران و ژیانی هاوڵاتیانی ئه‌مریكاش باشتر بكه‌ن.
له سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا راپرسییهكان ده‌ریانخستووه،ململانێكه تونده له نێوان هیلاری كه ده‌یه‌وێت بچێته ناو مێژووه‌وه و بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك سه‌رۆكێكی ژن بچێته‌وه ناو ئه‌و كۆشكه‌ی كه هه‌شت ساڵ له‌گه‌ڵ بیل كلینتنی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا و هاوسه‌ریدا وه‌ك خانمی یه‌كه‌م تێدا ژیا.
له لایه‌كی دیكه‌وه دۆناڵد تره‌مپی ملیاردێر له ململانێكهدایه كه كه‌سیكی جه‌ماوه‌رییه و به‌ڵێنیداوه له‌وكاته‌ی ده‌بێته سه‌رۆكی ئه‌مریكا،له ناوخۆی وڵات و جیهاندا بومه‌له‌رزه‌یه‌كی سیاسی بخوڵقێنێ.
به‌ڵام له دوایین راپرسیدا ده‌ركه‌وتووه نێوانی ئه‌و دوو به‌ربژێره به 3% تا 4% ده‌نگه‌كانیان جیاوازه و هیلاری چانسی زیاتری هه‌یه كلیلی ده‌رگای كۆشكی سپی وه‌ربگرێت و نه‌خشه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه به روونی ده‌ریده‌خات له به‌رژه‌وه‌ندی كاندیدی دیموكراته‌كاندایه.
هیلاری شه‌وی رابردوو له دواساته‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا له میشیگانه‌وه رایگه‌یاند"ده‌یه‌وێت سه‌رۆكیك بێت بۆ هه‌موو ئه‌مریكییه‌كان،سه‌رۆكی كۆماری و دیموكراته‌كان و سه‌ربه‌خۆكانیش،هه‌روه‌ها ئاماده‌یی بۆ هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمارییه‌كان خسته‌روو.

هیلاری كلینتن به‌رده‌وام بوو له هێرشكردنه سه‌ر ركابه‌ره كۆمارییه‌كه‌ی و به تۆپێك وه‌سفی كرد كه ئامانجه‌كه‌ی ناپێكی و ته‌نها ده‌یته‌قێنێت،ناتوانرێت پێشبینی كرده‌وه‌كانی بكرێت چونكه به‌ده‌ره له ئیراده‌ی خۆیشی،بۆیه له به‌رده‌م ده‌نگده‌راندا بژارده‌یه‌كی روون هه‌یه وه‌ك تیشكی رۆژ،بژارده‌كه‌ش له نێوان لێكترازان و یه‌كگرتووی وڵاتدایه.
به‌ڵام 82% ئه‌مریكییه‌كان به سه‌بره‌وه چاوه‌ڕوانی كۆتایی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته دور و درێژه‌یان كرد،له ناو خه‌ڵكی ئه‌مریكاشدا 50% هیلاری كلینتیان خۆش ناوێت و 62% یش كه‌یفیان به چاره‌ی تره‌مپ نایه‌ت به تایبه‌ت له‌و هه‌ڵمه‌ته دور و درێژه‌دا روشاندنی خه‌ڵك و ئابڕووچوونی زۆریان لێده‌ركه‌وت و گووت.
به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ كه ئێستا له ته‌مه‌نی "70" ساڵیدایه رۆژی دوو شه‌ممه "5" كه‌مپه‌ین و ئاهه‌نگی هه‌ڵبژاردنی له چه‌ند ویلایه‌تێكی ئه‌مریكا به‌رێوه‌برد،ئه‌و پیاوه ده‌وڵه‌مه‌نده رۆژێكی درێژی له كالیفۆرنیا برده سه‌ر و دواتر چووه كارۆلاینای باكور و پاشان بۆ پنسلڤانیا و نیوهامشێر و میشیگان و تا دره‌نگانی شه‌و له نێو لایه‌نگرانیدا درێژه‌ی به كهمپهینهكانیدا.
له یه‌كه‌م گوتاریدا له ناوچه‌ی "ساراسوتا" له ویلایه‌تی فلۆریدا گوتی" په‌یمانم له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌رانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌بێت كه ده‌ست به پلانێك ده‌كه‌م بۆ دانانی سنوورێك بۆ گه‌نده‌ڵی و داماڵینی له وڵات‌دا،ته‌ئكیدیشی له‌وه‌كرده‌وه كه ركابه‌ره دیموكراته‌كه‌ی خانم هیلاری كلینتن له‌و كه‌سانه‌یه كه سیسته‌می گه‌نده‌ڵی ده‌پارێزێت له وڵات‌دا.
هه‌روه‌ها گوتی" ده‌مه‌وێت هه‌موو دامه‌زراوه سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا گوێیان له‌م قسانه بێت،چونكه سبه‌ینێ كه سه‌رده‌كه‌وم و ده‌یبه‌مه‌وه مۆڵگه‌ی گه‌نده‌ڵی وشك ده‌كه‌م به‌ڵی مۆڵگه‌ی گه‌نده‌ڵی وشك ده‌كه‌م.

له دواین راپرسی په‌یمانگای"كوینیپیاك" ئاشككرا بووه كه هه‌ر دوو به‌ربژێره‌كه له ویلایه‌تی كارۆلاینای باكوور و فلۆریدا له ده‌نگه‌كاندا یه‌كسانن،ئه‌وه‌ش ئه‌و ویلایهتانهیه كه بڕیار ده‌ده‌ن تره‌مپ شكست بهێنێت یان سه‌ربكه‌وێت.
وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی میدیاكانی ئه‌مریكا پێشبینی ده‌كه‌ن،هیلاری كلینتن به ده‌نگی ده‌نگده‌ره گه‌وره‌كان سه‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و چوار ئه‌نجومه‌نه‌ی كه سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێرن.
تۆڕی"CNN" رایگه‌یاندووه هیلاری "274" ده‌نگی ده‌نگده‌ره گه‌وره‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنێت له به‌رامبه‌ردا تره‌مپ ته‌نها ده‌بێته خاوه‌نی "170" ده‌نگ.
ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشبینییه راست بێت ئه‌وا هیلاری كلینتن سه‌ركه‌وتنی مسۆگه‌ر كردووه،چونكه بۆ ئه‌وه‌ی بچێته كۆشكی سپی پێویستی به "270" ده‌نگی ده‌نگده‌ره گه‌وره‌كان هه‌یه.
پشكه‌كانی كلینتن له پێشبڕكێی سه‌رۆكایه‌تیدا به‌رز بووه‌ته‌وه سه‌ره‌ڕای مه‌ترسی تێوه‌گلانی له كێشه‌ی ئیمه‌یله‌كانی،له كاتێكدا به‌ڕێوه‌به‌ری "FBI" جیمس كومی رایگه‌یاندبوو" په‌یوه‌سته به‌و بڕیاره‌ی پێشووی كه له مانگی ته‌مووزی رابردوو داویانه كه هیچ هۆكارێك نییه وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بباته به‌رده‌م دادگا له هه‌مبه‌ر ئیمه‌یله كه‌سییه‌كانی.
ئه‌وه‌ش ئه‌و بڕیاره بوو كه تیمی بانگه‌شه‌كارانی هیلاری كلینتنی شاگه‌شكه كرد و هه‌ڵمه‌ته‌كانیان بره‌و پێدا.
له به‌رامبه‌ردا دۆناڵد تره‌مپ تۆمه‌تی زۆری له باره‌ی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ژنان و سوكایه‌تیكردن به‌وان له ئه‌ستۆدایه و ئه‌مڕۆ دوای هه‌ڵمه‌تێكی درێژخایه‌نی گوتاردان و كه‌مپه‌ین كردن، درێژترین رۆژه بۆ تره‌مپ تا قسه و بڕیاری ئه‌مریكییه‌كان بزانێت،ئه‌و ملیاردێره هه‌ڵده‌بژێرن به سه‌رۆك یان بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوودا خانمێك ده‌نێرنه كۆشكه سپییه‌كه‌وه.

هیلاری كلینتن له نێو نێوه‌نده سیاسی و میدیای و ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه و بریاردان له ئه‌مریكا پاڵپشتی باشتری له تره‌مپ هه‌یه و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك ئۆباما كاری له سه‌ر ئه‌وه كردووه ئه‌و ده‌نگده‌ره ره‌شپێست و بیانیانه‌ی مه‌یلیان هه‌ر لای ئه‌وه به ئاراسته‌ی ده‌نگدان به هیلاری بجوڵێنێ.
زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌دار و میدیاكار و رۆژنامه‌وان و نووسه‌ره دیاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش به حوكمی ئه‌زموونی مێژینه‌ی له سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌دا هیلاری به باڵاتر له‌و پیاوه ملیاردێره ده‌بینن،هه‌ر چه‌نده ره‌خنه‌ی زۆریشیان له سیاسه‌تی هه‌ر دووكیان هه‌یه، به‌ڵام زۆربه‌یان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه له نێوان هیلاری و تره‌مپدا باشتره هیلاری هه‌ڵبژێرن.
تره‌مپ شاره‌زایی له سیاسه‌تدا نییه و سه‌روه‌ته‌كه‌ی ناوداری كردووه و له نێوه‌نده جهماروهرییهكانیشدا ناسراوه،چانسێكی هه‌بێت له ئاسته جه‌ماوه‌رییه سادهكهیدایه،بۆیه زۆرتر هه‌ست و سۆزی ده‌نگده‌رانی راكێشاوه و توڕه‌یی ئه‌وانی كردووه‌ته قه‌ڵغان بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و كۆشكی سپی،ئه‌و له سه‌نگه‌ری توره‌یی خه‌ڵكه‌وه دژی جیهانگیری و گۆڕانكاریی دێمۆگرافی ده‌جه‌نگێت وسوكایه‌تی به ژنان ده‌كات و له‌گه‌ڵ موسوڵمانه‌كاندا شیر و تیر له یه‌ك ده‌سوون،به‌رده‌وام هێرشیكردۆته سه‌ر ركابه‌ره‌كه‌ی و تۆمه‌ت و سوكایه‌تی زۆری خستووه‌ته پاڵی و به‌ڵێنیداوه كه بوو به سه‌رۆك ركابه‌ره‌كه‌ی ئیستای سزا بدات.
زۆریشن ئه‌وانه‌ی به هۆی ئه‌وه‌ی تره‌مپ باجی نه‌داوه و ساڵانێك كاری ئه‌وه بووه ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر ژنان،ئه‌مڕۆ به ده‌نگدانیان به ژنێك بۆ یه‌كجاری تره‌مپ بیده‌نگ بكه‌ن.
تره‌مپ ته‌نانه‌ت له ریزی پارته‌كه‌ی خۆیشیدا ناكۆكی له‌سه‌ره و دابه‌شی دوو به‌ره‌ی كردوون،له نێو پارته‌كه‌ی خۆشی‌دا هه‌ن به شیاوی سه‌رۆكایه‌تی وڵاتێكی نابینن كه ده‌یه‌وێت رێبه‌رایه‌تی له‌سه‌ر جیهان بكات.
ئێستا ئیتر هیلاری و تره‌مپ بێده‌نگ بوون و له نیویۆركه‌وه گوێیان بۆ ده‌نگی ئه‌مریكییه‌كان رادێراوه،ده‌نگده‌رانێك كه زۆریان سه‌بر هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو قسه و په‌لامار و هه‌ڕه‌شه‌ی كاندیده‌كان كردیانه سه‌ر یه‌كتری،ئێستا،ھەڵبژاردنی ئەمریكا لە گوندی دیكسڤێلی ویلایەتی نیوھامپشایر بەڕێوەچوو و ھیلاری كلینتۆن سەركەوتنی بەدەستھێناوه.
حه‌وت دەنگدەر دەنگیانداوە، چواریان ھیلاری كلینتۆنیان ھەڵبژارد و دووانیشیان ترەمپیان ھەڵبژارد. یەكیشیان دەنگی بە گاری جۆنسن، كاندیدی پارتی لیبرالەكان داوە
یاسای ئەمریكا رێگە بە گوند و شارۆچكە بچووكەكان دەدات لە كاتژمێر 12 ی شەو بە کاتی ئەو وڵاتە پرۆسەی دەنگدان دەستپێبكەن.
ئه‌مڕۆ درێژترین رۆژه بۆ هیلاری و تره‌مپ له‌وانه‌یه هێنده‌ی هه‌موو ماوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه ماندووبن به هه‌واڵی گه‌یشتنیان به كۆشكی سپی،ئیتر ده‌نگده‌ران قسه ده‌كه‌ن و ئه‌وان له سوڕی بێده‌نگیدان و ئه‌و كاته رۆژووی بێده‌نگیان دهشكیت كه دوایین ده‌نگ له به‌رژه‌وه‌ندییان ده‌درێت و مژده‌ی وه‌رگرتنی كلیلی كۆشكی سپییان پێده‌دات،له ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ خه‌ڵك دوایین قسه‌ی خۆی ده‌كات.