زۆرترین زانیاری له‌سه‌ر یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی خولی نایاب بزانه
هه‌ولێری پایته‌خت، یاری لوتكه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌گرێته‌خۆ
K24 ـ هه‌ولێر
بڕیاره سبه‌ی پێنجشه‌ممه و هه‌ینی داهاتوو، یارییه‌كانی گه‌ڕی دووه‌می خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ست پێبكانهوه، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له كاتژمێر 02:30ـی پاشنیوه‌رۆ به كاتی باشووری كوردستان به‌ڕێوه ده‌چن.
یارییه‌كانی رۆژی پێنجشه‌ممه
بڕیاره له‌م رۆژه‌دا، 3 یاری له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خوله‌كه به‌ڕێوه بچن، یانه‌ی ئارارات میوانداریی یانه‌ی زاخۆ ده‌كات، ئارارات له یاری رابردوو به خاڵێك له كه‌لاره‌وه بۆ به‌رازییه‌كانی پیرمام گه‌ڕایه‌وه، یانه‌ی زاخۆش هه‌فته‌ی رابردوو پشوو بوو، یارییه‌كه‌ی سبه‌ی پێنجشه‌ممه بۆ زاخۆ ده‌بێته یه‌كه‌مین یاری ئه‌م یانه‌یه له وه‌رزی نوێی خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
له یارییه‌كی دیكه‌یشدا، یانه‌ی شێروانه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یانه‌ی گاره، گه‌شتی بادینانی كردووه، هه‌ردوو یانه له یاری رابردوویان خاڵێكیان چینگ كه‌وتووه، بۆ یه‌كه‌مینجاریشه له مێژووی خولی نایاب به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.
له یارییه‌كی دیكه‌یشدا، یانه‌ی هه‌ندرێن بۆ سارێژكردنی شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی میوانداریی كه‌ركووك ده‌كات، ئه‌م یارییه بۆ ته‌ها قادری راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی هه‌ندرێن یاری مان و نه‌مانه، چونكه ئه‌نجامی ئه‌م یارییه تاڕاده‌یه‌ك داهاتووی یانه‌كه له خوله‌كه دیاری ده‌كات.
داره‌وان قادری راهێنه‌ری یانه‌ی كه‌ركووكیش، بۆ ئه‌م وه‌رزه ئاماده‌كارییه‌كی باشی كردووه، به لانیكه‌م له به‌رامبه‌ر یانه‌ی هه‌ندرێن خاڵێكی گه‌ره‌كه.
یارییه‌كانی هه‌ینی
له‌م رۆژه‌دا 3 یاری له كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت، له یارییه‌كی لوتكه‌دا یانه‌ی هه‌ولێر میوانداریی زێره‌ڤانی ده‌كات، هه‌ردوو یانه خاوه‌نی زۆرترین بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی نایابن، هه‌ریه‌كه‌یان 3 جار بوونه‌ته پاڵه‌وانی خوله‌كه، یانه‌ی هه‌ولێر هه‌فته‌ی رابردوو به 3 خاڵی یارییه‌كه‌وه له دهۆكه‌وه به‌ره‌و قه‌ڵاومناره گه‌ڕایه‌وه، ئه‌مجاره‌ش به نیازن 3 خاڵی دیكه‌ی له یانه‌یه‌كی دیكه‌ی شاره گه‌وره‌كه‌ی بادینان وه‌ربگرن.
له یارییه‌كی دیكه‌یشدا، یانه‌ی دهۆك بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یانه‌ی نه‌ورۆز، ڕوویكردۆته شاری سلێمانی، ئه‌م یارییه بۆ ئاشتی مسته‌فای راهێنه‌ری دهۆك چاره‌نووسسازه، چونكه دووباره بوونه‌وه‌ی شكستی هه‌فته‌ی رابردوو ره‌نگه لایه‌نی ده‌روونی یاریزانه‌كان برۆخێنێت، له به‌رامبه‌ردا یاسین مه‌نافی راهێنه‌ری نه‌ورۆز تیپێكی پته‌وی بۆ ئه‌م وه‌رزه دروست كردووه و هه‌فته‌ی رابردوویش 3 خاڵی یارییه‌كه‌ی كرده شیرینی ده‌ستبه‌كاربوونی.
له یارییه‌كی دیكه‌یشدا، یانه‌ی برایه‌تی له هه‌ولێر میوانداریی یانه‌ی گازی باكووری شاری كه‌ركووك ده‌كات، ئه‌م یارییه بۆ عه‌بدوڵڵا مه‌حموودی راهێنه‌ری گازی باكوور یه‌كه‌مین یاری مێژوویی یانه‌كه ده‌بێت له خولی نایاب، به‌وپێیه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو پشوو بوون و بۆ یه‌كه‌مینجاریشه له خولی نایاب یاری ده‌كه‌ن.