به‌ ڤيديۆ.. سه‌رۆك بارزانى سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ باشيك به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی لە میحوەری باشیك كرد.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی لە میحوەری باشیك كرد.

لەو سەردانەدا كە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بەرەكانی شەڕ و ناوچە ئازادكراوەكان و بارودۆخی پێشمەرگە ئەنجام درا، سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی ئازادكردنی شارۆچكەی باشیكی لە گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان كرد و سوپاس و دەستخۆشیی لە فەرماندە و پێشمەرگەكانی ئەو هێزانە كرد كە بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شارۆچكەی باشیك بوونە و سەركەوتنێكی مەزنیان لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعش تۆمار كردووە. 

لەو بەسەركردنەوەیەدا سەرۆك بارزانی سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خێزان و كەسوكاری شەهیدەكان كرد و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ برینداران خواست.

لەبارەی ڕەوشی شارۆچكەی باشیك و پاراستنی ئاساییشی ناو شارۆچكەكە سەرۆك بارزانی ئامۆژگاریی پێویستی بۆ فەرماندەكانی پێشمەرگە خستەڕوو و داوای كرد، كە شارۆچكەی باشیك بە زووترین كات لە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی تیرۆریستان پاك بكرێتەوە بۆ ئەوەی دانیشتوانی شارۆچكەكە بتوانن بە دڵنیایی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.