ئه‌م 10 به‌ڵێنه‌ی ترامپی گه‌یانده كۆشكی سپی
10 به‌ڵێنی به خه‌ڵكدا
K24 - هه‌ولێر:
ترامپ به پێشبڕكێیه‌كی سه‌ختدا گه‌یشته كۆشكی سپی و پاڵیوراوی دیموكراته‌كانی خسته دواوه، به گوێره‌ی چاودێران و میدیای ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵبژاردنی 2016، یه‌كێك بوو له هه‌ڵبژاردنه سه‌خته‌كانی ئه‌و وڵاته.
له كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی خۆیدا، دۆناڵد ترامپ، ملیاردێر و گه‌وره بازرگانی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌و وڵاته بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ئه‌م 10 به‌ڵێنه‌ی به خه‌ڵكدا:
1- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ناووكی له‌گه‌ڵ ئێران
ترامپ رایگه‌یاند، كاری له پێشبینه‌ی له دوای هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5 + 1 ده‌بێت، هاوكات ئه‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ی به كاره‌سات بۆ ئه‌مه‌ریكا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌سفكرد، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، كێشه‌ی گه‌وره‌ی رێككه‌وتنه‌كه ئه‌وه‌یه، ئێران ده‌توانێت پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ناووكی بدات.
2- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌می بیمه‌ی ته‌ندروستی به‌ناوی (ۆباما كێیر)
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆرێك له سیاسییه‌كان پێیانوایه، سیسته‌می بیمه‌ی ته‌ندروستی، یه‌كێك بوو له ده‌ستكه‌وته مه‌زنه‌كانی باراك ئۆباما، وه‌ك 44ه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام ترامپ، بێ دوودڵی و له زۆرێك له بۆنه‌كاندا رایگه‌یاندووه، ئه‌و سیسته‌مه ته‌ندروستییه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
3- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی "ناوچه‌ی داماڵراوی چه‌ك"
ترامپ له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی خۆیدا، به‌ڵێنی ئه‌وه‌یداوه ته‌واوی ئه‌و ناوچانه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه كه له چه‌ك داماڵڕاوه، به‌و پێیه‌ی ئه‌و ناوچانه ده‌بنه نێچیرێكی ئاسان بۆ تیرۆریستان و به ئاسانی ده‌توانرێت هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه دروس ببێت، وه‌كو قوتابخانه‌كان و بنكه سه‌ربازییه‌كان.
4- كشانه‌وه له هاوبه‌شی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی
ترامپ به‌ڵێنیداوه كۆتایی به هاوبه‌شی ئابووری ستراتیژی له رێگه‌ی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سییه‌وه بهێنێت، كه به Trans-Pacific Partnership ناسراوة و 12 وڵات ئه‌ندامی ئه‌و رێككه‌وته، به‌ڵام تا ئێستا له‌لایه‌ن كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكاوه په‌سه‌ند نه‌كراوه.
5- هه‌ڕه‌شه‌كردن له چه‌ند وڵاتێك
له ستراتیژیه‌تی خۆیدا له دژی په‌نابه‌ران و كۆچبه‌ران، ترامپ هه‌ڕه‌شه‌ی له هه‌ندێك وڵات كردووه كه له پێدانی ڤیزای ئه‌مه‌ریكا بێبه‌شییان بكات، ئه‌گه‌ر په‌نابه‌رانه نایاساییه‌كانی خۆیان نه‌گێڕنه‌وه، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی به ئه‌نجامدانی تاوانێك له ئه‌مه‌ریكا تۆمه‌تبارن.
6- رێگه‌نه‌دان به نیشته‌جێكردنی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان
ترامپ شه‌ڕێكی توندی له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ره سوورییه‌كان ده‌ستپێكردووه و به ئه‌سپی "ته‌ڕواده" ناوییان ده‌بات و رایگه‌یاند، توندڕه‌و و تیرۆریستان خۆیان له‌ناویدا حه‌شارداوه, به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "ئیندیپێندێنت"ی به‌ریتانی، ترامپ رایگه‌یاندووه، ته‌نانه‌ت دژایه‌تی منداڵه‌كانیش ده‌كات و رێگه‌یان نادات بچنه ناو ئه‌مه‌ریكا و ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كه‌یان.
7- ده‌ركردنی ملیۆنان كه‌س له ئه‌مه‌ریكا
ترامپ چه‌ند جارێك رایگه‌یاندووه، ملیۆنان كه‌س له ئه‌مه‌ریكا ده‌رده‌كات كه به نایاسایی هاتوونه‌ته ئه‌و وڵاته، هاوكات كۆتوبه‌ندی یاسایی سه‌خت ده‌خاته سه‌ر یاسای كۆچ و هه‌ڕه‌شه له نزیكه‌ی دوو ملیۆن كۆچبه‌ر ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له رۆژانی یه‌كه‌می خۆیدا له كۆشكی سپی، بیاننێرێته ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
8- بنياتنانى دیوار
له‌وانه‌یه دیوارێكی گه‌وره بنیات‌بنێت به رووی په‌نابه‌ره نایاساییه‌كان، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له به‌ڵێنه دیاره‌كان ترامپ له ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژارنه‌كه‌یدا، ترامپ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه ده‌یه‌وێت ئه‌و دیواره له‌سه‌ر سنووری نێوان ئه‌مه‌ریكا – مه‌كسیك بنیات بنێت بۆ راگرتنی په‌نابه‌ران، هه‌ر به‌وه‌نده‌ش نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو ترامپ ده‌ڵێت: "ده‌بێت مه‌كسیك تێچووی بنیاتنانی ئه‌و دیواره دابین بكات".
9- تێكشكاندنی داعش له ماوه‌ی 30 رۆژ
ترامپ رایگه‌یاند، راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به كۆشكی سپی، داوا له ئیداره‌كه‌ی ده‌كات، پلانێك دابڕێژن بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی 30 رۆژدا ئه‌و رێكخراوه له‌ناو به‌رێت، كه ئێستا مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كییان له مووسڵی عێراق و ره‌ققه‌ی سووریایه.
10- سه‌ر له نوێ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ وڵاته مه‌زنه‌كه
هه‌رچه‌نده تا ئێستا نه‌خشه‌رێگه‌ی چۆنیه‌تی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكای بۆ وڵاته مه‌زنه‌كه روون نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ترامپ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی كردبووه درووشمی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی و ده‌توانرێت بگوترێت به‌و درووشمه گه‌یشته كۆشكی سپی.