كۆنفرانسی بەھا باڵاكان بە سپۆنسەری كوردستان24 بەردەوامە

"دەمانەوێت گەنجان لە بواری جیاجیادا ببنە پێشەنگ"

K24 - سلێمانی

لە میانی رووماڵی تایبەتی كوردستان24 بۆ كنفرانسی بەھا باڵاكان، د. زانا ئەحمەد سەرپەرشتیاری گشتی پڕۆژەكە بە كوردستان24 راگەیاند: "كۆنفرانسی بەھا باڵاكان تایبەت نییە بە بوارێك بەڵكو پەیوەندی بە ھەموو ژیانی مرۆڤەوە ھەیە".

لەبارەی ئامانجی پڕۆژەكەیان د. زانا ئەحمەد روونیكردەوە: "پڕۆژەی بڕیارەکانم، ماوەی 23 مانگە ئیشی تێدا دەكەین، ئامانج لێی پێگەیاندنی ھەزار گەنجە لەسەرجەم بوارەكان بۆ كوردستان كە پێویستمان پێیان ھەیە".

ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگەی كردنەوەی خولی جۆراوجۆر گەنجان لە بوارە جیاجیاكان رادەھێنن بۆ ئەوەی وەك گەنجی پێشەنگ خزمەت بە نیشتمان بكەن.

كاتژمێر 9 بەیانی ئەمڕۆ کۆنفرانسی بەھا باڵاکان، لەلایەن (پڕۆژەی بڕیارەکانم) بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی حکوومی و حزبی و کەسایەتییە دیارو سەرکەوتووەکانی شاری سلێمانی دەستیپێكرد، کۆنفرانسەکە بە سپۆنسەری میدیایی دامەزراوەی كوردستان24، بۆ توێژینەوە و راگەیاندن بەڕێوەدەچێت و تا كاتژمێر 6 ئێوارە بەردەوام دەبێت.