محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود دوایین زانیاری له‌سه‌ر باشیك ده‌خاته روو
حه‌ویجه له رووی سه‌ربازییه‌وه به كه‌وتوو ئه‌ژمار ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و فه‌رمانده‌ی باڵای پێشمه‌رگه له شاره‌دێی باشیكه‌وه دوایین زانیاری له‌سه‌ر ره‌وشی ئه‌و ناوچه تازه ئازادكراوانه‌ی كوردستان خسته‌روو و به"هۆشمه‌ند سادق" په‌یامنێری كوردستان 24 راگه‌یاند" باشیك به ته‌واوی له رووی سه‌ربازییه‌وه كۆنترۆڵكراوه و دۆخه‌كه‌ی به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه ده‌چێت و تیمه‌كان پێویستیان به‌وه‌یه ناو شار و ناوچه‌كه له بۆمب و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی داعش پاكبكه‌نه‌وه و پشكنینی ته‌واوی تونێل و ماڵه‌كان بكرێت،هه‌ر چه‌نده یه‌ك دوو شه‌وه چه‌ند چه‌كدارێكی داعش كه خۆیان شاردووه‌ته‌وه هه‌وڵی راكردن ده‌ده‌ن، به‌ڵام شه‌وی رابردوو 16 چه‌كدار له لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه كوژران كه هه‌وڵی خۆده‌ربازكردنیان دابوو.
ئه‌و فه‌رمانده باڵایه‌ی پیشمه‌رگه كه له زۆربه‌ی میحوه‌ره‌كانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ داعش خۆی و هێزه‌كه‌ی به‌شداری شه‌ڕه‌كان ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد،ئه‌و ناوچه‌یه زۆر گرنگه چونكه ده‌روازه‌ی شاری موسڵه و له رووی ئیداریشه‌وه سه‌ر به سه‌نته‌ری قه‌زای ناوه‌ندی شاره‌كه‌یه،ئه‌و هێڵه سه‌ربازی و خه‌نده‌قانه‌شی له‌م سنورانه‌دا لێدراو‌ن بۆ پارێزگاریكردنه له خاك و خه‌ڵكی كوردستان و ئێستا دوو گوندی دیكه له‌م سنورانه‌دا ماوون سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین خه‌نده‌قه‌كان راست بكه‌ینه‌وه و ئه‌و گوندانه‌ش بخه‌ینه ناو ئه‌و هێڵانه‌وه.
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود هه‌روه‌ها گوتی" بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له هێرش و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و جۆره گروپانه بپارێزین،چونكه دوای داعش‌یش له‌وانه‌یه گروپی دیكه په‌یدا ببن وه‌ك چۆن له رابردوودا به چه‌ندین ناوی دیكه هه‌بوون و په‌لاماری كوردیانداوه،ته‌نها ناو و ده‌م و چاوه‌كان ده‌گۆڕێن و هه‌موویان ئامانج و نییه‌تیان دژایه‌تی و په‌لاماردانی كوردستانه.
هه‌روه‌ها له باره‌ی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه له پارێزگای كه‌ركووك گوتی" حه‌ویجه ناوچه‌یه‌كی دابڕاوه و له رووی سه‌ربازییه‌وه به كه‌وتوو ئه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه له هه‌ر چوار لاوه گه‌مارۆدراوه و هه‌ر كاتێك پێشمه‌رگه بیه‌وێت ده‌توانێت به ئاسانی كۆنترۆڵی بكات.
له پاش ئه‌و دیداره په‌یامنێری كوردستان 24 چووه سه‌ر لاشه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه شه‌وی رابردوو له لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه كوژرابوون،پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه كۆنترۆڵكرایه‌وه،چه‌ند چه‌كدارێكیان له تونێله‌كاندا خۆیان حه‌شارداوه و شه‌وانه هه‌ولی راكردن ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش ده‌رفه‌تی خۆ ده‌ربازكردنیان نه‌ماوه و یان ده‌بێت خۆیان راده‌ستی پێشمه‌رگه بكه‌ن،یان ده‌كوژرێن.