تاران له خه‌می داهاتووی رێككه‌وتننامه‌ی ناووكییه
ئێران ترسی هه‌ڕه‌شه‌كانی ترامپی لێ نیشتووه
 
                        K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، رێككه‌وتننامه‌ی ناووكی، رێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی و فره‌لایه‌نه و له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه په‌سه‌ندكراوه.
زه‌ریف له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له وڵاتی چیك گوتی: "ئێران لای خۆیه‌وه ئه‌و به‌شه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی، جێبه‌جێی كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له ئیداره‌ی ئێستادا، به‌هیچ به‌ندێكی رێككه‌وتنه‌كه پابه‌ند نه‌بووه".
زه‌ریف گوتیشی: "پێمانوایه رێككه‌وتنه گونجاوه و بۆ هه‌موولایه‌ك باشه، ئه‌وه‌ش بژارده‌ی ئێمه‌یه، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌مان له‌به‌رده‌ستدا نییه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئێران ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت، به مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان ئاماده‌یی خۆیان بۆ پابه‌ندبوونی رێككه‌وتنه‌كه ربگه‌یه‌نن".
وته‌كانی زه‌ریف، وه‌ڵامی پرسیارێك بوو له باره‌ی داهاتووی رێككه‌وتننامه‌ی ناووكی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 + 1، به‌تایبه‌تیش لێدوانه‌كانی دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، له میانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی خۆیدا، كه رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر ببێته سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، یه‌كه‌م كاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ناووكی ده‌بێت.
زه‌ریف دووپاتیشیكرده‌وه، له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌كدایه به شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی مامه‌ڵه بكات و گوتی: "ئه‌گه‌ر گومانمان له پابه‌ندبوونی لایه‌نه‌كان به رێككه‌وتنه‌كه هه‌بێت، ئه‌وا ئێران بژارده‌ی دیكه‌ی ده‌بێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "له‌و بڕوایه‌دام به ره‌وینه‌ی ئه‌و ته‌مه‌ی ئێستا هه‌یه، خه‌ڵك له راستییه‌كانی ناوچه‌كه و جیهانیش تێده‌گات و هه‌مووان ئه‌و راستییه قه‌بوڵ ده‌كه‌ن كه رێككه‌وتنه‌كه فره‌لایه‌نه و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپیشى تێدایه".
