عێراق پرۆژه‌ پێشنیارێكی پێنج خاڵی ده‌خاته‌ به‌رده‌م توركیا

K24 – هه‌ولێر

باڵیۆزی عێراق له‌ توركیا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌، به‌تایبه‌تی كێشه‌ی باشیك و بوونی هێزه‌كانی توركیا له‌م ناوچه‌یه‌، پرۆژه‌ پێشنیارێكی پێنج خاڵی ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسانی توركیا.

به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت، هیشام عه‌ڵاوی دوایین دۆخ و پێشهاته‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ بۆ كۆمه‌ڵێك دیپلۆمات، ئه‌كادیمی و رۆژنامه‌وان شی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند په‌كه‌كه‌ هیچ رۆڵێك له‌ ئۆپه‌راسۆنی موسڵ نابێت و ناچنه‌ ناو ته‌له‌عفه‌ر و له‌ ساڵی 2013 به‌هۆی پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان توركیا و په‌كه‌كه‌، بی مۆڵه‌تی به‌غدا هاتنه‌ ناو سنووری عێراق.

هه‌ر له‌ باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، باڵیۆزی عێراق له‌ ئه‌نقه‌ره‌ پێی وایه‌، تا كۆتایی ئه‌مساڵ شاری موسڵ له‌ چه‌كدارانی داعش پاك ده‌كرێته‌وه‌.

بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان توركیا و عێراق، عه‌ڵاوی پرۆژه‌ پێشنیارێكی پێنج خاڵی ده‌خاته‌ڕوو:

  1. یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق: پێویست رێز له‌ یه‌كپارچه‌یی خاك، سه‌روه‌ری و سه‌قامگیری عێراق بگیرێت.
  2. باشیك عێراقه‌: باشیك سه‌ر به‌ عێراقه‌ و پێویسته‌ به‌رێوه‌بردنی كه‌مپه‌كه‌شی له‌ لایه‌ن عێراقه‌و بێت.
  3. هێزه‌كانی تورك بكشێنه‌وه‌: پێوسته‌ هێزه‌كانی تورك له‌ باشیك به‌ خێرایی بكشێننه‌وه‌.
  4. پلانێكی هاوبه‌ش بۆ كشانه‌وه‌ هێزه‌كانی تورك: بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌ بواری كات، چۆنییه‌ت و بابه‌ته‌كانی هاوشیوه‌، به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵات كۆ ببنه‌وه‌ و پلانێكی هاوبه‌ش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ بكه‌ن.
  5. یارمه‌تییه‌كانی دواتر: یارمه‌تییه‌كانی وه‌ك راهێنان و راوێژ و یارمه‌تی مرۆڤی كه‌ توركیا پیشنیاری كردووه‌، ده‌توانرێ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت تاوتوێ بكرێت.