گۆڕان خۆی یەكلایی دەكاتەوە
جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە كۆبوونەوەدایە
K24 - سلێمانی
مونیر سەلیم پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەدایە، بەگوێرەی زانیارییەكان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە كشانەوەی گۆڕانە لە حكوومەت".
بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، لەم ماوەیەدا نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێكی ئاراستەی بەرپرسانی گۆڕان كردووە داوای لێكردوون لە كۆبوونەوەیەكدا كشانەوە لە حكوومەت یەكلایی بكەنەوە، ھەفتەی رابردوو جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر كشانەوە لە حكوومەت كۆبووەوە، بەڵام بەھۆی بۆچوونی جیاواز لەناو بزووتنەوەكە نەتوانرا بڕیاری یەكلاكەرەوە بدرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ئێستادا پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی ساردی تێكەوتووە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە رێككەوتننامەی سیاسی لەنێوان ھەردوولا ھەیە و لەسەر پۆستە سیاسییەكانی سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە رێككەوتوون.