به‌غدادی له نێوان دوو قه‌زادایه
حه‌شدی شه‌عبی ئامانجی ستراتیژی داهاتوویان راگه‌یاند
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژ به ناوی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی"ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی" رایگه‌یاند" فڕۆكه‌خانه‌ی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر خاڵی ده‌رچوونی هێزه‌كانه بۆ ناو قه‌زاكه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه "ئه‌بو به‌كر به‌غدادی" رێبه‌ری چه‌كدارانی داعش له نێوان قه‌زای "ته‌له‌عفه‌ر" و "قه‌زای به‌عاج" دایه.
ئه‌سه‌دی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی" ئامانجی داهاتووی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی گه‌یشتنه به فڕۆكه‌خانه‌ی ته‌له‌عفه‌ر،ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه ئامانجی ستراتیژی ئێمه‌یه و ده‌بێته خاڵی گه‌یشتن به قه‌زاكه.
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد كه ئه‌بو به‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش له ناوچه‌كانی نێوان هه‌ر دوو قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر و به‌عاج دایه.
ئه‌و گوته‌بێژه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وه‌شی گوت" میحوه‌ری رۆژئاوای شاری موسڵ كه هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كردوویانه‌ته ئامانج زیاتره له "14" هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه و ناوچه‌كانی حه‌زه‌ر و به‌عاج و ده‌وروبه‌ری به ئاراسته‌ی ته‌له‌عفه‌ر ده‌گرێته‌خۆی.
هه‌روه‌ها گوتی" له میحوه‌ری رۆژئاوای شاری موسڵ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به ته‌نها ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و نێوانی ئه‌و ناوچانه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی لێیه نزیكه‌ی 100 كیلۆمه‌تره بۆ سنووری سوریا و جموجوڵه‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له ره‌ققه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به جوڵه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه نییه.