نەتەوە یەكگرتووەكان نوێترین ئاماری ئاوارەكانی مووسڵ بڵاودەكاتەوە

لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕ ژمارەی ئاوارەكان لە بەرزبوونەوەدایە

K24 - ھەولێر

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی نوێترین ئاماری ئاوارەکانی شاری مووسڵ بڵاو دەکاتەوە و ئاشکرای دەكات ژمارەی ئاوارەکان گەیشتۆتەوە زیاتر لە 54 ھەزار ئاوارە.

فەرھاد حەق، گوتەبێژی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات لەماوەی ھەفتەی رابردوودا و بەھۆی چڕبوونەوەی شەڕی شاری مووسڵ و نزیکبوونەوەی ھێزە عێراقییەکان لەسەنتەری ئەوشارە، ژمارەی ئاوارەکانیش بەردەوام لەبەرزبوونەوەیەدایە.

ھەروەھا رایگەیاند کە ئێستا ژمارەی ئاوارەکانی مووسڵ لەوەتەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی ئەوشارە دەستیپێکردووە گەیشتووەتە زیاتر لە 54 ھەزار ئاوارە و تەنیا لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا 600 ئاوارەی مووسڵ رووی لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان کردووە.

فەرھاد حەق گوتیشی، رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیھانی ناسراو بە "WFP" تا ئێستا پێداویستی و خۆراکی بۆ 25ھەزار ئاوارە دابین کردووە.