ژماره‌ی ئاواره‌كانی موسڵ گه‌یشته سه‌رووی 62 هه‌زار كه‌س
زۆربه‌یان دانیشتووی گه‌ڕه‌كه تازه ئازادكراوه‌كانی شاری موسڵن
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراقی رایگه‌یاند" له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵه‌وه تا ئێستا "62" هه‌زار كه‌س ئاواره بوون.
له‌وباره‌یه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری لقه‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران"زیاء سه‌لال" رایگه‌یاند" تیمه‌كانی وه‌زاره‌ت له سه‌رجه‌م ناوچه‌كان ئاماده‌ن و ته‌نها دوێنێ پێشوازییان له "3700" ئاواره‌ی دیكه كردووه كه به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان جێهێشتووه"26" كه‌س له و ئاوارانه بریندار بوون به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له گه‌ڕه‌كه‌كانی"سه‌ماح" و "قادسیه‌ی دوو" له به‌ری ده‌سته چه‌پی شاری موسڵ بۆردوومانێكی چڕی كردبوون.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند" زیاتر له "3000" ئاواره‌ی دیكه خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌ره‌ی ده‌سته چه‌پی شاره‌كه‌ن وه‌ك گه‌ڕه‌كه‌كانی"عه‌ده‌ن" و "زه‌هرا" و به‌كر" و "ته‌حریر" و "قادسیه" و "زهوور" و "ئینتیسار" و "سه‌ماح" و "خه‌زرا" و شوقه‌كانی موسڵن و ئێستا گه‌یشتوونه‌ته ناوچه ئارامه‌كان و خێوه‌تگاكان.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران ئه‌وه‌شی گوتووه ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی ناوچه‌ی"تل سروال" ی رۆژئاوای شاری موسڵ ئاواره بوون كه زیاترن له "300" كه‌س.
له باره‌ی كۆی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵه‌وه تا ئێستا ناوچه‌كانی خۆیان جێهێشتووه و ئاواره بوون،ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران گوتوویه‌تی" ژماره‌ی ئاواره‌كان تا ئێستا گه‌یشتووه‌ته"62399" كه‌س و وه‌زاره‌ت رێوشوێنی یارمه‌تیدانی له كه‌مپه‌كان گرتووه‌ته‌به‌ر.
ئه‌م قسانه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراقی له كاتێكدایه،پێشتر له میانی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ "كوردستان24" سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا"به‌شار كیكی" رایگه‌یاندبوو كه ئاماده‌كاری پێویست له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه بۆ هاتنی ئاواره‌كان نه‌كراوه و ئه‌گه‌ر بێت و ژماره‌ی ئاواره‌كان بگاته سه‌رووی"100" هه‌زار كه‌س ئه‌وا توانای به هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانیان له به‌رده‌ستدا نییه.