له كه‌ركووك ده‌یان گومان‌لێكراو ده‌ستگیركران
ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركووك گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه كێوماڵ ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
هێزه ئه‌منییه‌كانی شاری كه‌ركووك له كاتژمێر 4:00 به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه ده‌ستیان كردووه به كێوماڵكردنی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری كه‌ركووك و له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ده‌یان گومانلێكراویان ده‌ستگیر كردووه و ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ل و په‌لی سه‌ربازیشدا گرتووه..
هێمن ده‌لۆ په‌یامنێری كوردستان24 له كه‌ركووك رایگه‌یاند" ئامانجی كێوماڵكردنی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه گه‌ڕان و پشكنین بووه بۆ دڵنیابن له‌وه‌ی هیچ چه‌كدارێكی داعش له‌و گه‌ڕه‌كانه‌دا نه‌ماوون،پاش ئه‌وه‌ی له 21/10/2016 چه‌كدارانی داعش هاتنه ناو شاره‌كه‌وه و بۆ ماوه‌یه‌ك چه‌ند گه‌ڕه‌ك و باڵه‌خانه و ده‌زگایه‌كیان داگیركردبوو.
عه‌مید "سه‌رحه‌د قادر" به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زا و ناحییه‌كانی كه‌ركووك كه هێزه‌كانیان به‌شداری ئه‌و كێوماڵه بوون، به په‌یامنێری كوردستان24 راگه‌یاند" پێشتر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هێزه ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه‌دا ئه‌و بڕیاره‌دراوه كه له سێ لاوه پشكنین بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی باشووری شاره‌كه بكرێت و له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆدا توانیوومانه ده‌یان كه‌سی داواكراو و گومان‌لێكراو ده‌ستگیر بكه‌ین و ده‌ست به سه‌ر ژماره‌یه‌ك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و ئۆتۆمبێلی بێ ناونیشاندا بگرین.
هه‌روه‌ها گووتی" دوای ئه‌و هێرشه‌ی داعش كردییه سه‌ر شاره‌كه چه‌ند زانیارییه‌ك هه‌بوو كه چه‌ند كه‌سێكی سه‌ر به داعش له شاره‌كه‌دا ماوون،بۆیه بۆ دڵنیایی خه‌ڵكی شاره‌كه ئه‌م كێوماڵه ئه‌نجامدراوه و دوای لێكۆڵینه‌وه له‌و كه‌سانه‌ی له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا ده‌ستگیر كراوون ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نین.