خۆپیشاندانێكی گه‌وره دژی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی توركیا به‌ڕێوه ده‌چێت
K24 – هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ له ئیستانبوڵ خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری دژی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر ئۆپۆزسیۆن، رۆژنامه‌نووسان، ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر منداڵان و نه‌هێشتنی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی به‌ڕێوه ده‌چێت.
خۆپیشاندان له لایه‌ن كوردیناسیۆنی دیموكراسی به دروشمی "ته‌سلیم نابین" له گۆڕه‌پانی كارتالی ئیسته‌نبوڵ رێك ده‌خرێت و سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كان و كرێكاران و كارمه‌ندان و پارته سیاسییه‌كانی توركیا به‌شداری خۆپیشاندانه‌كه ده‌بن.
یه‌كه‌م خۆپیشاندانی دژی سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌ت پاش كوده‌تای شكستخواردووی 15 ته‌موز هاوكاته له‌گه‌ڵ پرۆژه یاسایه‌كی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌باره‌ی ده‌ستدریژی كردنه منداڵان و كچان، ناڕه‌زایه‌تی زۆری لایه‌نه سیاسی و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی لێكه‌وتووه‌ته‌وه و داوای كشانه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه یاسایه ده‌كه‌ن.
حكومه‌تی توركیا بۆ جاری دووه‌م باری نائاسایی بۆ ماوه‌ی سێ مانگی تر درێژ كردووه‌ته‌وه، كه به‌هۆیه هه‌زاران كه‌سی تر له‌سه‌ر كاره‌كانیان لا دراون، دهستگیرو زیندانی كراون.
خۆپیشانده‌رانی ئه‌مڕۆ هه‌روه‌ها دژایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر گۆڕینی سیسته‌می حوكم له توركیا راده‌گه‌ینن و دروشمی "رێگه به سه‌لته‌نه‌ت ناده‌ین! ته‌سلیم نابین" به‌رز ده‌كه‌نه‌وه.