هه‌واڵگری به دوای 38 هه‌زار كه‌سدا ده‌گه‌ڕێت
خه‌ڵكانێك هه‌ن ئاماده‌ن به ده‌ستی خۆیان تۆڵه بكه‌نه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی"سه‌ندای تایمز" له وتارێكدا نوسیوویه‌تی له‌و ناوچانه‌ی هێزه عێراقییه‌كان رزگاریانكردووه، ناسنامه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌پشكنن كه له‌و دهڤهرانهدان،چونكه لیستێكی"38" هه‌زار ناوییان پێیه و ده‌گه‌ڕێن بزانن كام له‌و كه‌سانه ناویان له‌و لیسته‌دایه كه تۆمه‌تبارن به هاوكارییكردنی چه‌كدارانی داعش.
نووسه‌ری وتاره‌كه"لویز ماكاگلان" له گه‌یاره‌وه ئه‌و بابه‌ته‌ی نووسیووه و ده‌ڵێت"پشكنین بۆ ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێت كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش بوون و ئێستا ناوچه‌كانیان له لایه‌ن هێزه ئه‌منیی و سه‌ربازییه‌كانی عێراقییه‌وه كۆنترۆڵكراون،چونكه به‌رپرسانی هه‌واڵگری عێراق ده‌ڵێن له چه‌ندین ناوچه‌ی جیاواز هه‌زاران چه‌كداری داعشیان له ناو مزگه‌وت و ماڵان‌دا گرتووه و پرۆسه‌ی دادگایكردنیان ده‌ستیپێكردووه.
هه‌روه‌ها نوسیوویه‌تی له‌و كاته‌ی زیندانه‌كان پڕده‌كرێن له گومانلێكراوانی داعش،خه‌ڵكه سڤیله‌كه هاواری لێهه‌ڵده‌ستێت و سكاڵایه‌كی زۆر دژی ئه‌وانه تۆمار ده‌كه‌ن كه سه‌ر به داعش بوون و ئازاریانداون.
به‌رپرسێكی هه‌واڵگری گوتوویه‌تی"ئێمه باوه‌ڕ به هه‌موو سكاڵایه‌ك ناكه‌ین كه دژی ئه‌و ده‌ستگیركراوانه تۆمار ده‌كرێن،ئه‌وانه‌ی راستن له‌گه‌ل ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تن به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین،به تایبه‌تی به‌شێك له‌وانه‌ی سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن كێشه‌ی كۆن و جیاواز له كه‌یسی داعش هه‌یه له نێوانیاندا،وه‌ك كێشه‌ی موڵك و خانووبه‌ره و زه‌وی.
له‌و راپۆرته‌دا نموونه بهوههێنراوهتهوه كه خه‌ڵكانێك هه‌ن خۆیان ئازاردیتووی ده‌ستی داعشن و له لایه‌ن كه‌سانی دیكه‌وه سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار كراوه و ئامانجیان تۆڵه‌كردنه‌وه بووه له كه‌یسێكی دیكه كه په‌یوه‌ندی به داعشبوونهوه نه‌بووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه‌سانێكیش هه‌ن كه به‌هۆی لاوازی به‌ڵگه و سكاڵاكانیان قسه‌یان لای ده‌زگا فه‌رمییه‌كان ناڕوات،به‌ڵام هه‌ر سوورن له‌سه‌ر تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و ده‌ڵێن به ده‌ستی خۆمان تۆڵه ده‌كه‌ینه‌وه.