لە ھەڵەبجە شەڕ لە نێوان ھێزە ئەمنییەكان و ژمارەیەك چەكدار روودەدات

قایمقامی ھەڵەبجە: ھەندێك كەناڵی راگەیاندن شت گەورە دەكەن

K24 - ھەڵەبجە

لە گوندێکی سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ژمارەیەک چەکدار و ھێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە روودەدات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24، کەوتووە ئێوارەی دوێنێ لە گوندی  گریانە سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو بینراون و دوای ئەوەی ھێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە شوێنەکە شەڕە تەقە و پێکدادان لەنێوانیاندا روویداوە.

نوخشە ناسح قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی كوردستان24 گوت: "نامەوێت لێدوان لەسەر ئەو رووداوە بدەم، راستە چەند فیشەكێك تەقێندراوە، بەڵام تا لێكۆڵینەوە نەكرێت ناتوانین قسە لەسەر ئەو بابەتە بدەین".

گوتیشی: "مەسەلەكە وا نییە كە راگەیاندنەكان گەورەیان كردووە و خەڵكیان ترساندووە، دوای لێكۆڵینەوە ھەمووشتێك روون دەكرێتەوە، ئەو كەناڵە راگەیاندنانەی بەجۆرێكی دیكە بڵاویان كردوەتەوە پەشیمان دەبنەوە لە ھەواڵەكانیان".

سەبارەت بە رەوشی ئێستای ناوچەكە قایمقامی ھەڵەبجە گوتی: "بارودۆخی ھەڵەبجە و ھەموو سنوورەكە زۆر ئارامە و ھیچ كێشەیەكی ئەمنی لە ئارادانییە".

گوندی گریانە، دەکەوێتە بەشی باشوووری رۆژھەڵاتی ھەڵەبجە و ھاوسنوورە لەگەل کۆماری ئیسلامی ئێران و25 کیلۆمەتر لە ھەڵەبجەوە دوورە.