نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداری ده‌دات

به‌هاناوه‌چوونی قوربانیانی سڤیل له‌ ده‌ره‌وه‌ تواناكانی حكومه‌ت و گرووپه‌ یارمه‌تیده‌ره‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌

K24 – هه‌ولێر

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ ئاماژه‌پێدان به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانییانی سڤیل له‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی شه‌ڕی موسڵ رایگه‌یاند به‌هاناوه‌چوونی قوربانیانی سڤیل له‌ ده‌ره‌وه‌ تواناكانی حكومه‌ت و گرووپه‌ یارمه‌تیده‌ره‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشه‌.

لیزه‌ گراند رێكخه‌ری مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزی رایگه‌یاند نزیكه‌ی 200 برینداری سڤیل و سه‌رباز هه‌فته‌ی رابردوو بۆ نه‌خۆشخانه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق" ژماره‌ی بریندارنی سڤیل روو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ مانگی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆن گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ 20% كۆی گشتی برینداران.

گراند گوتی به‌رپرسانی هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی قوربانییان بده‌ن. به‌ڵام ئاستی تواناییه‌كانیان له‌و ئاسته‌دا نییه‌ بتوانن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌هۆی گوللـه‌ و نیشانه‌شكێنه‌كانه‌وه‌ بریندار بوونه‌، هاووڵاتیانی سڤیل بوونه‌ ئامانجی داعش.

سه‌د هه‌زار هێزی چه‌كداری عێراق به‌ پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵەتی به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ بوونه‌ و له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا چه‌ندین گه‌ڕه‌كیان له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ كۆنترۆڵ كردووه‌ و به‌ پێشڕه‌وی زیاتر به‌ره‌و سه‌نته‌ر شار، شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان سه‌ختر ده‌بن و ژماره‌ی قوربانی سڤیل و ئاواره‌كانیش زیاتر ده‌بن.

رێكخه‌ری مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق نیگه‌رانی خۆی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری ژماره‌ی قوربانیانی سڤیل ده‌رده‌بڕیت كه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك نین له‌ شه‌ڕه‌كه‌، به‌ڵام ده‌كرێنه‌ ئامانج.