مامۆستایانی ناڕازی بڕیار لەسەر چوونیان بۆ بەغدا دەدەن

K24 – سلێمانی

مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی كۆدەبنەوە و بڕیارە شاندێك پێك بھێنن بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق كۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، ئێوارەی ئەمڕۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی كۆدەبنەوە و شاندێك پێكدەھێنن بۆ ئەوەی لە رۆژانی داھاتوو سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق كۆببنەوە.

دەستە و گرووپەكانی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی رایانگەیاندووە، جگە لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی بەغدا، لە دادگای ئیتحادی سكاڵا لەسەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تۆمار دەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا ئارام شێخ محەممەد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان لە گوتارێكدا بۆ خۆپێشاندەران رایگەیاند، كار بۆ ئەوە دەكەن بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان بكات و كێشەی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران چارەسەر بكات.

لە بەرامبەردا ژمارەیەك لەلایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكوومەت بە ئەم ھەنگاوەیان بە نەرێنی وەسفكرد و رایانگەیاند كە ئەمە لەتكردنی ھەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی ئەجندای نەیارانی كوردە دژ بە راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان.

پێشتر سەعد حەدیسی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند، حكوومەتی بەغدا وەك یەك پارچە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەكات.