ئیبراھیم جەعفەری: بەگوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ داخوازییەکانی کورد دەکەین

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند بەگوێرەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

ئیبراھیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی دۆیچە ڤیلە روونیکردەوە، عێراق بە گوێرەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ داخوازییەکانی کورد لەبارەی سەربەخۆیی دەکات.

لە چاوپێکەوتنەکەدا جەعفەری رایگەیاند، تێناگەم بۆچی کورد داوای سەربەخۆیی دەکات. جەختیشیکردەوە لە عێراقی نوێدا کورد ھەموو مافێکی بۆ دەستەبەر کراوە و پۆستی گرنگیان لایە ھاوشێوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.

لەبارەی حەشدی شەعبییەوە جەعفەری روونیکردەوە، سوننە و شیعە و تەواوی پێکھاتەکانی عێراق بە پێکھاتە نا موسڵمانەکانیشەوە بوونەتە بەشێک لە حەشدی شەعبی و ھێمایەکی نیشتمانی. رەتیشیکردەوە، جگە لە چەند ھەڵسوکەوتێکی تاکەکەسی ھیچ تاوانێکی ئەنجام دابێت. 

لەلایەکی دیکەوە، جەعفەری دووپاتیکردەوە، بوونی پەکەکە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەھۆی بۆشایی ئەمنییەوەیە و ھەرکاتێک بەرژەوەندییەکان وا بخوازن ئەوا دەبێ ناوچەکە جێبھێڵن.