سەردار قادر: پێدانی پۆستی پارێزگار خێرو سەدەقە نییە
K24 – سلێمانی
دوای ماوەیەك بۆشایی یاسایی لە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سەردار قادر لە بری پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو، لەبارەی وەرگرتنی پۆستەكەش دەڵێ، پێدانی پۆستی پارێزگار خێرو سەدەقە نییە، بە ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی بووە.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، سەردار قادر رایگەیاند: "لە 25 ئابی ئەمساڵ كە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگای سلێمانی كرا، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرا، دووساڵ پۆستەكە درا بە گۆڕان، دواتر گۆڕان منی كاندید وەك جێگری پارێزگار بە وەكالەت، پاشان كێشەیەكی یاسایی تێكەوت لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، دواتر فەرمانێك دەرچوو بەپێی یاسایی ژمارە 3 ئەنجوومەنی پارێزگا بەندی بیستەم، لەكاتی ئامادەنەبونی پارێزگاردا یەكێك لە جێگرەكان جێ دەگرێتەوە، دوای لێك تێگەیشتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەت و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆ فەرمانەكە دەركراوە و ئەمڕۆ من وەك جێگری پارێزگار دەستبەكاربووم بەكۆی دەسەڵاتەكان لەبری پارێزگار دەستبەكاربووم".
گوتیشی: "دەسەڵاتەكان لە ئەمڕۆوە بەكار دێنین، گرفت لە دەسەڵات و پۆستەكان نییە، بەڵكو گرفت لەوەیە ھەژموونی كاركردنی ھاوبەش دەبێ ھەبێت، ناكرێ قەیرانی پۆستەكان قەیران و بارگرانی بۆسەر شانی ھاووڵاتی و مامۆستا و فەرمانبەران دروست بكات، دەبێ ھەوڵەكانمان بۆ ئەوەبێت قەیران لەسەر شانی ھاووڵاتیان كەم بكەینەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "پێدانی ئەم پۆستە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردنەكانە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و خێروسەدەقە نییە، رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕانە".