ھەدەپە بایكۆتی پەرلەمانی توركیا رەتدەكاتەوە

K24 - ھەولێر

ئایھان بیلگەن گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە دەڵێت، بڕیاری بایکۆتکردنی چالاکییەکانی پەرلەمانیان ھەڵوەشاندەوە، ھەرچەندە بوونی ئەوان لە ‌نێو پەرلەمان دەسەڵاتداران نارەحەت دەکات، بەڵام ئەوان دەمێننەوە.

کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ھەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا بە سەرپەرشتی چاخلار دەمیرال سەرۆکی ئەو فراکسیۆنە بەڕێوەچوو و پەیامی فیگەن یۆکسەکداغ کە لە زیندانەوە ناردبووی خوێندرایەوە. یۆکسەکداغ بەبۆنەی25 تشرینی دووەم کە رۆژی ئازادی ژنانە ئاماژەی بۆ فشار و ستەمکارییەکانی بەرامبەر بە ئافرەتان کردووە.

ئایھان بیلگەن گوتەبێژی ھەدەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیدا گوتی، دوای زیندانیکردنی ھاوسەرۆکەکانی ھەدەپە، ئەوان بڕیاریاندابوو بایکۆتی چالاکییەکانی نێو پەرلەمان بکەن، بەڵام ئەو بڕیارەی خۆیان ھەڵوەشاندووەتەوە و لەمەودوا ئامادەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەبن. ھەروەھا گوتی، بەلای ئەوانەوە بڕیاری گەل گرنگە و بۆ دوا بڕیاری خۆیان لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار دەبن.