حه‌شد: پلانى داهاتووى له شه‌ڕى مووسڵ ئاشكرا كرد
گه‌يشتوونه‌ته هێڵى به‌رگرى پێشمه‌رگه له خۆرئاواى مووسڵ
K24 – هه‌ولێر:
چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى كه له لايه‌ن ئێرانه‌وه پشتيوانيان لێده‌كرێت، رايانگه‌ياند، گه‌يشتوونه‌ته هێڵى به‌رگرى پێشمه‌رگه له خۆرئاواى مووسڵ و به‌و جۆره‌ش توانيويانه مووسڵ گه‌مارۆ بده‌ن.
ئه‌بو مه‌هدى موهه‌نديس، يه‌كێك له سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى رايگه‌ياند، له قۆناغى چواره‌مى ئۆپراسيۆنه‌كانى خۆرئاواى مووسڵ توانراوه چه‌كدارانى حه‌شد تا نزيك هێڵى پێشه‌وه‌ى پێشمه‌رگه پێشڕه‌وى بكه‌ن و به ئاراسته‌ى شنگال بڕۆن و به‌و جۆره‌ش توانراوه مووسڵ گه‌مارۆ بدرێت.
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌وه‌شى روونكردووه‌ته‌وه، هێشتا داعش كۆنترۆڵى رێگه‌ى 60 كيلۆمه‌ترى نێوان مووسڵ و ته‌له‌عفه‌رى كردووه.
هه‌روه‌ها وتى: هيچ داعشێك له ناوچه‌كه نه‌ماوه‌ته‌وه جگه له‌وانه‌ى له‌سه‌ر هێڵى خێراى ته‌له‌عفه‌ر و مووسڵن و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى ده‌ده‌ين، وه‌ك ئاماژه‌يه‌ك بۆ نيازى حه‌شد بۆ ئه‌وه‌ى هێڵى نێوان ته‌له‌عفه‌ر و مووسڵ كۆنترۆڵ بكات.